رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری دادگە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2-9-2025 کۆنگرەی رێکخستنەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ئیستەنبووڵ هەڵوەشێندرایەوە و قەییوم دانرا.
لە کاتێکدا بڕیار بوو جەهەپە کۆنگرەیەکی تایبەت بە رێکخستنەکانی خۆی لە ئیستەنبووڵ سازبدات، دادگەی 45ی ئەسڵییەی ئیستەنبووڵ بڕیاری دا کە ئەو کۆنگرەیە هەڵوەشاوەتەوە؛ هاوکات ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی رێکخستنەکانی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ و هاوکارانی لەکارلادران و دەستەیەک وەک قەییوم لە شوێنیان دەستبەکار بوو.
هەریەک لە گورسەل تەکین، زەکی شەن، حەسەن باباجان، موژدات گوربوز و ئەرکان نارساپ وەک دەستەی بەرێوەبردنی کاتی لە شوێنی ستافەکەی ئۆزگور چەلیک دەستبەکاربوون.
دوای ئەو بڕیارەی دادگە، ئۆزگور چەلیک لە تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هیچ ئاگادارکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بە ئەوان نەگەیشتووە و گوتی:"هەوڵ دەدەین لە بابەتەکە تێبگەین."
رۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2023، کۆنگرەی ئاسایی 38ـەمینی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو و ئۆزگور چەلیک وەک سەرۆکی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵ ھەڵبژێردرا. بەڵام بەشێک لە ئەندامانی جەهەپە تۆمەتی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدانیان دایە پاڵ ستافەکەی چەلیک و لە دادگە سکاڵایان تۆمارکرد.
دۆسیەی لێکۆڵینەوە تاوەکو دێ وردەکاریی زیاتری تێدەکەوێ. داوای سزای زیندانیکردن لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەسەر ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی رێکخستنەکانی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ و ژمارەیەک لە یاوەرانی کرا.
بەگوێرەی ئەو بڕیارەی ئەمرۆ لەلایەن دادگە دەرچووە، ئۆزگور چەلیک و دەستەی کارگێڕیی ئێستای لقی جەهەپەی ئیستەنبووڵ بە شێوەیەکی کاتی لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
هەروەها 196 ئەندامی دەستەی نوێنەرانی ریکخستنەکان، لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ