رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پێویستە تورکیا وەڵامێکی ئەرێنیی داواکارییەکەی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر (پێشتر هاوسەرۆکی مەسەدە) بداتەوە بۆ سەردانکردنی تورکیا و ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵی دا.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، رۆژی سێشەممە (2-12-2025) لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر دۆخی سووریا و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
باکرهان گوتی: "لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە دەستی دۆستایەتی بۆ تورکیا درێژ کراوە و پێویستە ئیدی دەست بخەنە نێو ئەم دەستە. ئیلهام ئەحمەد بۆ کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکەی پارتەکەمان، کە بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە لە ئیستەنبووڵ بکرێت، بانگهێشت کراوە. خۆیشی گوتبووی کە بەشداری دەکەم، بەڵام تاوەکو ئێستا لەمبارەیەوە هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوای کرد رێگە بە هاتنی ئیلهام ئەحمەد بدرێت و گوتی: "ئێمە چاوەڕوانی وەڵامێکی ئەرێنین، با ئیلهام ئەحمەد بێتە تورکیا و با ئەو کەسانەی پرسیاریان لەبارەی سووریا و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە هەیە، پرسیارەکانیان بکەن و نیگەرانییەکانی خۆیان دەرببڕن. دابنیشن و قسە بکەن و رێکبکەون".
باکرهان جەختی کردەوە کە "دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ چین؟ هەڵبەتە بۆ ئەمەیە. خۆدزینەوە لە چارەسەری، دەستنەخستنە نێو دەستی کورد و دژایەتیکردنی دەستکەوتەکانی کورد لە سووریا، لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باکرهان ئاماژەی بە دۆخی عەلەوییەکان لە سووریا کرد و گوتی، هێرشی جددی بۆ سەر عەلەوییەکانی ناوچە کەنارییەکانی سووریا هەیە و ئەو هێرشانە "جێگەی قبووڵکردن نین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ