رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیران گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە سەردانی پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان دەکات و زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە بەسەردەکاتەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تەواوی هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە قەرەبوو بکەنەوە. هەروەها باسی لە سەرکەوتنی حکومەتی وڵاتەکەی لە بابەتی بەهاناوەچوونی زیانبەرکەوتووان کرد.
ئەردۆغان رەخنەی لەو پارتانەی ئۆپۆزیسیۆن گرت کە حکومەتیان بە کەمتەرخەم وەسف دەکرد و گوتی: "تەنانەت دوو ساڵیش بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێنەپەڕیوە، بەختەوەرین بەوەی 201 هەزار و 431 خانوو، شوقە و دووکانمان رادەستی زیانبەرکەوتووان کردووە. ئێمە بە دابەشکردنی یەکە و شوێنکاری زیاتر، وەڵامی ئەو کەمتوانا چاوچنۆکانەمان دایەوە کە دەیانگوت، حکومەت دەکەوێتە ژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکە".
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، لە هەر دەرفەتێکدا سەردانی ناوچەی بوومەلەرزەلێدراوی کردووە و گوتی: "پەنا بەخوا رۆژی پێنجشەممە دەبینە میوانی ئادیەمان (سەمسوور). لەگەڵ برا ئادیەمانییەکانمان حەسرەت دەڕەوێنینەوە، هەروەها کاری دوو ساڵی رابردوومان لەگەڵ ئادیەمان و گەلەکەمان هاوبەشی پێدەکەین".
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان پارێزگای مەڕەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، ژمارەی گیانلەدەستدان لەو بوومەلەرزانەدا زیاتر لە 50 هەزار کەس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ