ئەردۆغان: نیگەرانی قووڵم هەیە بۆ کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر

03-05-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نیگەرانیی خۆی بۆ کۆچی دوایی سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی نیشاندا.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "نیگەرانیی قووڵم هەیە بۆ کۆچی دوایی پەرلەمانتاری بازنەی ئیستەنبووڵ و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سری سورەییا ئۆندەر. خوازیارم خوا لە بەڕێز ئۆندەر خۆش بێت و سەرەخۆشی ئاراستەی خێزانە خەمگینەکەی، خۆشەویستانی، دەم پارتی و پەرلەمانی تورکیا دەکەم".
 
ئەردۆغان دەڵێت، "دوایین جار لە کۆشکی کۆماری پێشوازیم لە خوالێخۆشبوو ئۆندەر کرد و بە شێوەیەکی بەرهەمدارانە ئاڵوگۆڕی بیروڕامان لەبارەی ئەو دیدارانە کرد کە ئەنجامیان دەدا. لە دڵەوە باوەڕم بەوەیە بەئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' بگەین کە سری سورەییا ئۆندەر لەم دواییەدا رەنجی زۆری بۆ کێشا."  
 
پەیامەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەکاتێکدایە کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 3-5-2025 سری سورەییا ئۆندەر، دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.
 
دەم پارتی دەڵێت، رۆژی یەکشەممە، چواری ئایاری 2025، تەرمی سری سورەییا ئۆندەر لە ئیستەنبووڵ و گۆڕستانی زنجیرلی کویوو بەخاکدەسپێردرێت.
 
سری سورەییا ئۆندەر کێیە؟
 
- ساڵی 1962 لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان لە خێزانێکی تورکمان لەدایکبووە
 
- لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندوویەتی و تاوەکو قۆناخی دوو بەردەوام بووە
 
- وێڕای ئەوەی سیاسەتڤانە، کاری رۆژنامەڤانی، دەرهێنانی فیلم، سیناریۆنووسیشی کردووە، هاوکات لە چەندین فیلمیشدا وەک ئەکتەر رۆڵی بینیوە 
 
- رۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەری 2013 - 2015 لە تورکیا هەبوو و ئێستاش رۆڵی لەو پرۆسە چارەسەرییە هەیە کە لەو وڵاتە دەستیپێکردووە. 
 
- لە هەڵبژاردنی 2015ـی پەرلەمانیی تورکیادا لەسەر لیستی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) خۆی بەربژێر کرد و بووە پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئەنقەرە
 
- لە دوایین هەڵبژاردنـی 2023ـی پەرلەمانیی تورکیادا بووە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ، هاوکات بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییشە
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە