رووداو دیجیتاڵ
لە دادگەی 26ـی ئەنقەرە، سکاڵای تۆمەتەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە پەسند کرا.
لە سکاڵاکەدا داوای زیندانیکردنی 12 کەس دەکرێت بۆ ماوەی سێ ساڵ. کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پێشووی جەهەپە وەک "قوربانی" و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ وەک "گومانلێکراو" ئاماژەیان پێدراوە.
دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن لوتفو ساڤاش، سەرۆکی پێشووی شارەوانی هاتای جەهەپە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە بە تۆمەتی "ساختەکاری" لێکۆڵینەوەی لە 38 ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپە دەستیپێکرد و سکاڵانامەکەش تەواو کرا.
لە سکاڵانامەکەدا بە تۆمەتی "پێشێلکردنی یاسای پارتە سیاسییەکان" داوای سزای زیندانیکردن و قەدەخەکردنی سیاسەت بۆ 12 کەس کراوە.
لەو دۆسییەدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ کە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە و ئێستا زیندانی کراوە، وەک "گومانلێکراو" ئاماژەی پێدراوە و داوای زیندانیکردن بۆ هەموو ئەو کەسانە کراوە کە ناویان لە دۆسیەکەدا هاتووە.
دۆسیەکە هەروەها هەریەک لە جەمیل توگای، سەرۆکی شارەوانی ئیزمیر، ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵ ـی جەهەپە و رەزا ئاکپۆلات، سەرۆکی شارەوانی بێشیکتاش ـی جەهەپە و سەرهات جان ئەش، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئەرزروم ـی جەهەپە لەخۆدەگرێت.
رۆژی 10ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، دۆسیەی تاوانی لە دژی جەهەپە تۆمارکرد و 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە کە رۆژی هەشتی تشرینی دووەمی 2023 کرا و تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی نوێی جەهەپە هەڵبژێردرا، بە کۆنگرەیەکی گوماناوی ناساند.
راشیگەیاند، بە بەرتیل و بەڵێنی پێدانی پۆست و هەڕەشەکردن، ئەندامانی کۆنگرەیان ناچارکردووە دەنگ بە ئۆزگور ئۆزەل بدەن. دەرکەوت، ئەندامە دەرکراوەکانی جەهەپە لە باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو سکاڵایان پێشکێش کردووە.
رۆژی 12ـی شوباتی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەگەر سەلمێندرا بەڵگەکان دروستن، بەپێی یاسا کۆنگرەکە هەڵدەوەشێتەوە و سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل پوچەڵ دەبێت.
جەهەپە لە نۆـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزراوە، کە پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە. لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ