مەهەپە بە مەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی دەم پارتی دەکات

03-06-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا سەردانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەکات، کە ئەوە یەکەمین سەردانی ئەو پارتەیە بۆلای دەم پارتی لە جەژندا.
 
بڕیارە مەهەپە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2025، واتە لە دووەمین رۆژی جەژنی قورباندا سەردانی دەم پارتی بکات و جەژنەپیرۆزەی لێبکات.
 
شاندەکەی مەهەپە پێکدێت لە زوهەل تۆپچو، یاریدەدەری سەرۆک؛ توران شاهین، ئەندامی ناوەندی بەرێوەبردن و ئۆزمەن ئاڵپ گیرای، ئەندامی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردن.
 
شاندەکە دووەمین رۆژی جەژن دەست بە سەردانەکانی دەکات؛ کاژێر 09:15 سەردانی پارتی چەپی دیموکراسی (دەسەپە)، کاژێر 09:25 سەردانی دەم پارتی، کاژێر 09:50 سەردانی ئاکپارتی، کاژێر 11:10 سەردانی پارتی سەعادەت، کاژێر 11:30 سەردانی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن، کاژێر 12:10 سەردانی پارتی ئاییندە دەکات.
 
بەگوێرەی پرۆگرامەکە، مەهەپە سەردانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ناکات.
 
پێش ئەوەی دووەمین پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەستپێبکات کە دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 01-10-2025 لە پەرلەمان هەنگاوی بۆ نا، دەم پارتی و مەهەپە هیچ بابەتێک کۆی نەدەکردنەوە.
 
بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەکە، ئەو دوو پارتە زۆر بە خێرایی لە یەکدی نزیکبوونەوە.
 
شاندی دەم پارتی لە جەژنی رەمەزانی ئەم ساڵدا بۆ یەکەمین جار بۆ جەژنەپیرۆزە سەردانی مەهەپەی کرد.
 
01-10-2024 دەوڵەت باخچەلی چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. 
 
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. 
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هات کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
  
پەکەکە رۆژی 12-5-2025 ئەنجامی کۆنگرەی 12ی راگەیاند و ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی خەبات بەناوی پەکەکە کرد و راشیگەیاند:"گەلەکەمان هۆشیارانە خاوەندارێتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات" و "لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری باشتر تێدەگەن."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا پەکەکە ئاماژەی کرد: "پرسی کورد بە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیکمان ھێناوەتە خاڵی چارەسەری و رۆڵی مێژووییمان هەبووە. بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوە و کۆتایی ھێنان بە تێکۆشانی چەکداری دراوە".
 
ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی کردەیی هەردوولان. بەرپرسانی ئاکپارتی داوا لە پەکەکە دەکەن بە شێوەیەکی کردەیی قۆناخی چەکدانان دەستپێبکات؛ بەرپرسانی پەکەکە بە ناوی خۆیانەوە و بێ ئاماژەدان بە ناوی پەکەکە راگەیێندراو بڵاودەکەنەوە و بە پێویستی دەزانن، حکومەت هەنگاوی متمانەبەخش بنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە