رووداو دیجیتاڵ
ئەو لیژنەیەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەر لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، رۆژی سێشەممە 5-8-2025 یەکەمین کۆبوونەوە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پەرلەمان دەکات.
نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لیژنەی پرۆسەی چارەسەری کاژێر 11:00ی رۆژی سێشەممە 5-8-2025 بۆ یەکەمین جار لە هۆڵی مەراسیمەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە.
سەرەتا نوعمان کورتوڵموش گوتاری کردنەوە پێشکێشدەکات و دواتریش گوێ بۆ نوێنەری پارتەکان دەگیرێت. ئینجا رێسا و شێوازی کارکردنی لیژنەکە دەخوێندرێتەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەرچەندە هیچ کات لیژنەکەی رەتنەکردووەتەوە، بەڵام مەرجی هەیە و بە مەرج بەشداریی کردووە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لەمبارەیەوە بە میدیای نزیک لە پارتەکەی گوت: "لیژنەکە بە جۆرێک دەبێت گوێ لە چینەکانی وەکو بەرپرسانی دەوڵەت، ماڵباتیی شەهیدان، بریندارانی سەنگەر و زیانبەرکەوتووانی تیرۆر دەگرێت".
سەرۆکی جەهەپە هەروەها رایگەیاند، لیژنەکە تەنیا گفتوگۆ لەسەر بابەتان ناکات، بەڵکو بیروڕای لایەنەکان وەردەگرێت و بۆ ئەوەی بگاتە سازان، هەوڵی جیددی دەدات.
لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە 51 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێ 3 ئەندامیان بەردەکەوێت.
هەروەها هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاری، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش هەریەکەیان ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
تاکە فراکسیۆن کە رەتیکردووەتەوە بەشداری لە لیژنەکەدا بکات، ئیی پارتییە.
ئیی پارتی خاوەن 29 کورسییە لە کۆی 600 کورسییەکەی پەرلەمان و لە بنەڕەتەوە دژی پرۆسەی چارەسەرییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ