9 گوند لە تورکیا بەهۆی ئاگری دارستانەوە چۆڵ کران

03-09-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە دارستانی پارێزگاکانی کاستامۆنو و کارابووکی تورکیا بەردەوامە و بەو هۆیەوە 9 گوند چۆڵ کراون و 437 کەسیش بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە ئاگر لە دارستانەکانی سنووری شارۆچکەیەکی پارێزگای کارابووک کەوتەوە، دواتر بەرەو دارستانەکانی پارێزگای کاستامۆنو تەشەنەی سەند. لەو رۆژەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدرێت.
 
پارێزگای کاستامۆنو بڵاویکردەوە، ئاگرەکە بەرەو شوێنە ئاوەدانەکان تەشەنەی سەندووە و بەو هۆیەوە 9 گوند چۆڵکراون و 437 کەسیش بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە. هاوکات 496 سەر ئاژەڵ بۆ ناوچەیەکی دوور لە ئاگرەکە گوێزراونەتەوە.
 
داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستپێکردووە و دەرکەوتووە، پێنج کرێکاری بیانی لەنێو دارستانەکەدا خێوەتیان هەڵداوە و بەو شێوەیە ئاگرەکە کەوتووەتەوە.
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار سێ هەزار و 800 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە و لە ئەنجامدا 27 هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوان سووتا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە