ئەردۆغان: بە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە، دیاربەکر هێندەی ئیستەنبووڵ قازانج دەکات

03-11-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا، پرۆسەی چارەسەریی بە مایەی خێر بۆ تورکیا، سووریا و عێراق ناوبرد و رایگەیاند، بە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە، دیاربەکر هێندەی ئیستەنبووڵ قازانج دەکات.
 
لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی وڵاتەکەی کە دوای نیوەڕۆی دووشەممە 3-11-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گوتی: "کاتێک ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو دەبێت، دیاربەکر هێندەی ئیستەنبووڵ قازانج دەکات. ئەنتاڵیا و وان قازانج دەکەن، بەدلیس هێندەی بورسە قازانج دەکات. کاتێک تورکیای بی تیرۆر دەگاتە مەنزڵ، پشتیوان بەخوا هەر تاکێکی 86 ملیۆنەکە براوە دەبن. نەوەک تەنیا لە وڵاتەکەمان، بەڵکو سووریا و عێراق و وڵاتانی دیکەش سوودمەند دەبن".
 
ئەم گوتانە لەکاتێکدان  کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بەردەوامە.
 
ئەردۆغان باسی نزیکبوونەوەی نەتەوەکانی لە تورکیا کرد و گوتی: "بە تیرۆر، تووندوتیژی، چەک و جیاکاری ناگەینە هیچ شوێنێک و خێری بۆ هیچ کەسێک نابێت. ئێمە دانیشتووان و خاوەنی هەزار ساڵەی ئەم ناوچەیەین. هاوشێوەی رابردوومان، داهاتووشمان هاوبەشە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، لە 40 ساڵی رابردوودا تاڵیی زۆریان چەشتووە و باجی زۆر گەورەیان داوە و گوتی: "ئیدی لە وڵاتەکەمان و وڵاتانی دراوسێدا نامانەوێ بە هیچ جۆرێک تیرۆر ببینین. دەمانەوێ سەرچاوەکانمان بۆ پەروەردە، پیشەسازی، کشتوکاڵ، تەندروستی، گەشتیاری و گەشەپێدانی ئابووری بەکاربهێنین. پشتیوان بەخوا سەردەکەوین. وەکو دەسەڵات و هاوپەیمانیش، بە دڵنیاییەوە بەدی دەهێنین."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا، "بەیەکەوە رۆژانی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی دروست دەکەین. بەبێ ئەوەی جیا ببینەوە، بە متمانەکردن بە یەکدی، خاڵە هاوبەشەکانمان زەق دەکەینەوە و بە خۆشەویستییەوە لە یەکدی نزیک دەبینەوە. بەیەکەوە بەرەو داهاتووی پڕشنگدار دەڕۆین."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بە پارێزگاکانی باکووری کوردستان کرد و جەختیکردەوە کە یەکێک لە ئەنجامە باشەکانی سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری، بووژانەوەی کەرتی گەشتیارییە لەو ناوچەیەدا (باکووری کوردستان).
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە