رووداو دیجیتاڵ
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، تانەیەکی تورکیای رەتکردەوە، کە داوای پێداچوونەوەی بە بڕیاری دادگەکە بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش کردبوو.
پێشتر تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا، تانەی لە بڕیارێکی دادگە ئەورووپییەکە دابوو کە تایبەت بوو بە پێشێلکردنی مافەکانی و ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، بەڵام ئێستا دادگاکە بڕیاری کۆتایی دا و داواکارییەکەی تورکیای رەتکردەوە.
دەم پارتی: دەبێت دەمیرتاش ئازاد بکرێت
دوای بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کرد.
دەم پارتی رایگەیاند: "دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەی 8ی تەممووزی 2025ـدا، سەبارەت بە دەستگیرکردنی نادادپەروەرانەی دەمیرتاش لە دۆسیەی کۆبانێ، بەڕوونی هەموو نادادپەروەرییەکانی لە پرۆسەی دادگاییکردندا خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، دەستگیرکردنی دەمیرتاش بە هۆکاری سیاسی بەردەوامە و دەبێت ئازاد بکرێت، بەڵام دەسەڵات لە 8ی تشرینی یەکەمدا تانەی لەم بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا گرتبوو".
دەم پارتی لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپادا تانەکەی دەسەڵات (حکومەتی تورکیا) رەتکرایەوە. بەمەش بڕیاری تایبەت بە دەمیرتاش یەکلایی بووەوە.
دەم پارتی دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی چەندین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە هەتا ئێستا لەبارەی هاوڕێیانمانەوە دراون، بەتایبەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی دوایین بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە رۆژی 8ی تەممووزی 2025 دەریکرد، دەبێت هاوڕێیانمان بەبێ دواکەوتن ئازاد بکرێن."
سێ بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاشەوە
بڕیاری 20ـی تشرینی دووەمی 2018
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاریدا تورکیا مادەی 5، بڕگەی 3ی رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە.
راشیگەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە مافی دادگەییکردن لە ماوەیەکی گونجاو و دادگەییکردنی بێ دەستگیرکردنەوە هەیە. هەروەها رایگەیاند، تورکیا مادەی 18 و مادەی 3ی پرۆتۆکۆلی ژمارە 1ی رێککەوتنی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێلکردووە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو.
بڕیاری 22ی کانوونی یەکەمی 2020
ئەو بڕیارە لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری درا کە لە 17 دادوەر پێکهاتبوو. رایگەیێندرا کە دەمیرتاش لە 20ی ئەیلوولی 2019ـەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی خۆپێشاندانەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 دەستگیرکراوە.
دادگەکە رایگەیاند، هێشتنەوەی دەمیرتاش پێشێلکردنی مافەکانییەتی. هەروەها پێشێلکردنی پابەندبوونی تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا، دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش.
راشیگەیاند، حکومەتی تورکیا ناتوانێت بیسەلمێنێت دەمیرتاش تاوانی کردووە و زیندانیکردنەکەشی بە بێ بنەما ناوبرد.
بڕیاری 8ی تەممووزی 2025
دوایین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاش پەیوەندیی بە رووداوەکانی ساڵی 2014ــی کۆبانێ هەیە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە بنەماکانی بڕیاری دەستگیرکردنەکە کۆنکریتی نەبووە و هیچ پەیوەندیش لە نێوان رووداوەکانی 2014 و تۆمەتەکانی دژی دەمیرتاش نییە.
دادگە ئەورووپییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، دەستگیرکردنی دەمیرتاش مافەکانی ئازادی، سەلامەتی و مافی دادگەییکردنی لە ماوەیەکی گونجاودا پێشێل کردووە. دەستگیرکردنەکەش دەستێوەردانێکی سیاسی بووە.
بۆچی دەبێت تورکیا پابەندی بڕیارەکە بێت؟
تورکیا رۆژی 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە.
بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ