رووداو دیجیتاڵ
بەشی دووەمی ئەو چاوپێکەوتنەی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بڵاوکرایەوە، کە تێیدا پەیامی لەبارەی سیاسەتە ئەمنییەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پێشهاتە هەرێمییەکان داوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە سێی کانوونی یەکەمی 2025 بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی دەوڵەت باخچەلی، کە لەگەڵ رۆژنامەی تورکگون ـی پارتەکەی ئەنجامی دابوو، بڵاوکرایەوە.
دەوڵەت باخچەلی، داوای لەو کەسانە کرد، کە چوونەتە نێو پەکەکە، بەڵام لە چالاکی سەربازی تێوەنەگلاون "بگەڕێنەوە و لەگەڵ خانەوادەکانیان یەکبگرنەوە."
باخچەلی، جەختی لەوە کردەوە، کورد پەیوەندیی بە "تیرۆر"ەوە نییە و رووی دەمی لە ئەندامانی پەکەکە کرد و گوتی، "هەرکەسێک بە هۆکاری جیاواز هەڵخەڵەتێندرابێت با بگەڕێتەوە و لەگەڵ خانەوادەکەی یەکبگرێتەوە. کۆماری تورکیا بە بەزەییە. ئێمە هەموومان پێکەوە تورکیاین، هەموومان نەتەوەی تورکین."
باخچەلی لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت، "سەرکردایەتیی دامەزرێنەری پەکەکە دەستی خستووەتە ژێر بەرپرسیارێتی. لە دوای بانگەوازی 27ی شوباتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پەکەکە لە 12ی ئایاردا چەکی دانا و بوونی رێکخراوەیی خۆی هەڵوەشاندەوە. لە 11ی تەممووزدا گرووپێک لە ئەندامانی پەکەکە چەکەکانیان سووتاند. بەتایبەتی هەسەدە/یەپەگە کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کاریگەریی هەیە، هێشتا چەکی دانەناوە و پابەندی بانگەوازەکەی 27 ـی شوباتی ئیمراڵی نەبووە. لە کاتێکدا بانگەوازەکەی ئیمراڵی جگە لە پەکەکە، هەموو پێکهاتەکانی تیرۆری جوداخوازی دەگرێتەوە. لانی کەم تێگەیشتنی ئێمە بەو شێوەیەیە، لێکدانەوەمان لەو ئاراستەیەدایە. هەسەدە/یەپەگە دەبێت بە دڵنیاییەوە پابەندی ئەو رێککەوتنە بێت، کە لە 10ـی ئادار لەگەڵ ئیدارەی شام واژۆ کراوە."
"مامەڵە ناکەین"
دەربارەی تورکیای بێ تیرۆر باخچەلی گوتی، "با خێزانی شەهیدەکانمان نیگەران نەبن. با قوربانییانی سەنگەر نەترسن. سەری ئەوان شۆڕ ناکەین. ئێمە مامەڵە ناکەین. بەتەواوەتی بۆ پرۆسەی دانوستاندن داخراوین. وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، بەشداریی هیچ هەڵەیەک ناکەین، کە ببێتە هۆی لاوازکردنی یاسای سەروەریی تورکیا و فەلسەفەی دامەزراندن و بونیادنانی کۆمار."
باخچەلی دەڵێت، "کۆماری تورکیا شکۆدارە، لەگەڵ ئەوەشدا بەسۆزە. لە سەدەی نوێی کۆماردا پێویستە هێز بۆ گیانی یەکێتیی نیشتمانی و پشتیوانیمان زیاد بکەین. خوشک و برا کوردەکانم لە ریزی ئەو ئامانجەدان، فەزیلەت و ژیریشیان لە ئاستێکدایە، کە پیلانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان پووچەڵ دەکاتەوە. ئێمە هەموومان پێکەوە تورکیاین، هەموومان گەلی تورکین."
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە، دوای ئەو سەردانە هەستیارەی ئیمراڵی، کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجام درا، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەم بەشێکی سەرنجڕاکێشی لە هەڤپەیڤینەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی لەگەڵ رۆژنامەی تورکگون بڵاوکردەوە.
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس یڵدز رایگەیاند، "بە تەواوی دژی پرۆسەی دانوستاندنین" و بەو شێوەیە هەموو دەنگۆیەکانی دانوستاندنی رەتکردەوە.
یڵدز، کە لەنێو ئەو شاندە سێ کەسییەی کۆمیسۆنی یەکریزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پەلەمانی تورکیادا بوو، کە سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد، هەمان قسەکانی باخچەڵی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پۆست کردووە، کە دەڵێت، "ئێمە مامەڵە ناکەین. بە تەواوی دژی پرۆسەی دانوستاندنین. وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، بەشداری لە هیچ هەڵەیەکدا ناکەین، کە یاسای سەروەریی تورکیا و فەلسەفەی دامەزراندن و پێکهێنانی کۆمار بخاتە مەترسییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ