دۆغو پەرینچەک: دەبێ کاردانەوەمان دژی حکومەتی خۆمان بێت، نەوەک بارزانی

03-12-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی وەتەنی تورکیا دەڵێت، "پێویستە کاردانەوەکانمان دژی حکومەتی تورکیا بن، نەوەک بارزانی، چونکە بارزانی هیچ هەڵەیەکی نییە."
 
لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە شەوی رابردوو 02-12-2025 پەخشکرا، دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی پارتی وەتەن قسەی لەسەر چوونی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی بۆ جزیر و دەرکەوتنیان بە چەکەوە کرد.
 
راگەیێندراوێک لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بڵاوکرایەوە و نووسینگەی سەرۆک بارزانی وەڵامی دایەوە.
 
دۆغو پەرینچەک لەبارەی کاردانەوەی باخچەلی گوتی، "بەخودا بەڕای من، نابێت کاردانەوەمان بەرامبەر بارزانی هەبێت، بەڵکو دەبێت کاردانەوەی تووند دژی دەوڵەتی کۆماری تورکیا نیشان بدەین، چونکە با بڵێین ئەو یەکە چەکدارییە لە سنوور زۆر بە ئاسوودەییەوە تێدەپەڕێت و لەوێدا حکومەت دەتوانێت بڵێت دەکرێت چەند کەسێک بۆ پاراستنی بەڕێز بارزانی لەگەڵی بن. بەڵام هێزێک بە چەکەوە ناتوانن بێن لە ئورفە (رووها)، دیاربەکر و مێردین بسووڕێنەوە."
 
پەرینچەک باسی راگەیێندراوەکان کرد و گوتی، "لێرەدا بارزانی هیچ هەڵەیەکی نییە. لێرەدا دەوڵەتی کۆماری تورکیا خاڵی لاوازی هەیە. سەیرکەن، ئیمە باسی خاڵی لاوازی دەوڵەت دەکەین. هەروەها یاداشتێکی نیشتمانیمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو خاڵە لاوازە بڵاوکردەوە. ئینجا لێرە خاڵی لاوازی دەوڵەت دەبینرێت."
 
دۆغو پەرینچەک هەروەها رایگەیاند، سەرۆک بارزانی دۆستی تورکیایە و ئەمە بەهادارە.
 
پێشتر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چوونی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بە 'رەزالەت' ناوبردبوو. بارەگای بارزانی بە تووندی وەڵامی باخچەلی دایەوە.
 
رۆژی شەممە 29-11-2025، سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخ بەڕێوەچوو.
 
خەڵکی جزیر و باکووری کوردستان پێشوازییەکی گەرمیان لە سەرۆک بارزانی کرد و گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە سروود و گۆرانیی کوردی بڵاوکرانەوە. 
 
ئەو دیمەنانە و گرتەی ڤیدیۆیی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بە چەک و ئاڵای کوردستان کە لە سەر قۆڵیان بوو،  کاردانەوەی بەشێکی تورکە نەتەوەپەرستەکانی لێکەوتەوە .
 
پارتی وەتەن ساڵی 2015 بە سەرۆکایەتیی دۆغو پەرینچەک دامەزرا، پارتێکی سۆشیالیستە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا کە ئایاری 2013 بەڕێوەچوو، 52 هەزار و 720 دەنگی هێنا. 
 
ئەگەرچی ئەو پارتە هیچ کورسییەکی لە پەرلەماندا نییە، بەڵام بەهۆی کەسایەتیی دۆغو پەرینچەک لە سیاسەتی تورکیا دا ، گوتەکانی بە هەند وەردەگیرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە