رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی باسی لە دۆخی سووریا کرد و گوتی، "مەرجی سەقامگیریی سووریا بریتییە لە نەهێشتنی تیرۆر لەو وڵاتەدا."
جگە لە ناوهێنانی داعش وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا "پەکەکە/یەپەگە"ی بە رێکخراوی تیرۆریستی ناوبرد و گوتی، "ئێستا هەردووکیان گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر سووریا. بۆئەوەی سووریا ببێتە وڵاتێکی ئاسایی، دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە پێشەوە. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا پێویستە بەرەنگاربوونەوەیەکی هاوبەشی تیرۆر بکرێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانیی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی ئێستای سووریا دووپاتکردەوە و گوتی، بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی توانا سەربازییەکەی.
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. رۆژی 29-01-2025 شەرع بە سەرۆککۆماری کاتیی سووریا دەستنیشان کرا.
هەڵوێستی دیمەشق لەبارەی هەسەدە
رۆژی دووشەممە 03-02-2025 ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی ئامانجی گفتۆگاکانی لەگەڵ هەسەدە و چەند پرسێکی تایبەت بە وڵاتەکە کرد.
شەرع گوتی، "ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکانمان لەگەڵ هەسەدە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و کۆنترۆڵکردنی چەکە لەلایەن دەوڵەتەوە. هەسەدە ئەوەی بەلاوە پەسندە، بەڵام ناکۆکی لەسەر هەندێک وردەکاری هەن."
شەرع گوتیشی، "هەموو لایەنەکان، چ هەرێمی بن یان نێودەوڵەتی، پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەن و دژی هەر هەوڵێکن بۆ دابەشبوون یان جیابوونەوە، تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری بەشێک لە گرووپەکانی ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەن هاوڕان لەگەڵ بیرۆکەی دەوڵەتی سووریا کە دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت."
سەبارەت بە ناکۆکییەکان لەگەڵ هەسەدە، شەرع بە گرنگی دەزانێت گفتوگۆکان بە نهێنی بمێننەوە تاوەکو بە ئەنجام دەگەن؛ راشیگەیاند، لایەنی زۆر هەن بەرژەوەندییان لەوەدا نییە گفتوگۆکان سەربکەون و بە دۆخێكی دروست بگەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ