شەممە شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەگەڵ ئاکپارتی کۆدەبێتەوە

16-12-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، شەممەی داهاتوو لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ئاکپارتی کۆدەبێتەوە.
 
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ سێشەممە 16 ـی کانوونی یەکەمی 2025 رایگەیاند، شاندی ئیمراڵی پارتەکەیان کاژێر 14:00ی رۆژی شەممە 20 ـی کانوونی 2025 لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ئاکپارتی کۆدەبێتەوە. 
 
کارنامەی کۆبوونەوەکە بریتییە لە دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە پێکهاتووە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار پەرلەمانتارانی دەم پارتی و پارێزەر ئۆزگور فایەق ئەرۆل، رۆژی دووشەممە 15 ـی کانوونی یەکەمی 2025 داوای دیداری لە ئاکپارتی و وەزارەتی دادی تورکیا کردبوو. 
 
شاندەکە هەفتەی رابردوو لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) کۆببووەوە. 
 
پەروین بوڵدان دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، "پێویستە بڵێین پێمان ناوەتە قۆناخی دووەم. پێویستە لە قۆناخێکی نوێدا هەنگاو بنرێت. لە قۆناخی دووەمدا زەمینەیەکی یاسایی پێویستە. بێگومان ئەم رێکخستنە یاساییە دەبێت یاسای ئاشتی بێت."
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش گوتی: "پەروین خانم هەموو بابەتێکی بە روونی دەربڕی. من واژۆ لەسەر هەموو رستەیەکی دەکەم."
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2025 لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە کۆبووەوە. 
 
بەپێی پلان، بڕیاربوو شاندی ئیمراڵی لە هەمان رۆژدا لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی گولشا دوربای، سەرۆکی شارەوانیی شەهزادەلەری مانیسا ـی جەهەپە، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
پارتەکانی نێو کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، دوای کۆتاییهاتنی گوێگرتن لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی پرۆسەکەوە، دەستیان کردبوو بە پێشکێشکردنی ئەو راپۆرتانەی کە لەبارەی پێشنیاز و هەڵسەنگاندنەکانیانەوە ئامادەیان کردبوو بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا.
 
هەر یەک لە دەم پارتی و مەهەپە، هەفتەی رابردوو راپۆرتێ خۆیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی

ئایشەگوڵ دۆغان: بەناوی ملیۆنان کەسەوە چاودێریی راپۆرتە هاوبەشەکە دەکەین

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لەبارەی راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمانەوە رایگەیاند، "دەبێت ئیدی بەناوی ملیۆنان کەسەوە هەموومان پێکەوە چاودێریی ئەم راپۆرتە بکەین و جێبەجێکردنی مسۆگەر بکەین."