وەزیری ناوخۆی تورکیا: 55 قاچاخچی و 972 کۆچبەر دەستگیرکران

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە زنجیرەیەک پشکنیندا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان، 55 قاچاخچی و 972 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون و رێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرەکان دەستیپێکردووە.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە 16-12-2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکان لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دژی "قاچاخچێتیی کۆچبەران و کۆچی نایاسایی" کردووە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزیری ناوخۆ، لە پشکنینەکاندا ناسنامەی 431 هەزار و 446 کەس پشکنراوە؛ لە ئەنجامدا 55 قاچاخچی دەستگیرکراون، کە نۆ کەسیان هەڵگری رەگەزنامەی بیانین، هەروەها 972 کۆچبەری نایاساییش دەستگیرکراون.
 
یەرلیکایا ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی 28 هەزار و 581 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان، لە چوارچێوەی نۆ هەزار و 109 تیمدا لە پێنج هەزار و 702 خاڵی جیاواز کراوە.
 
پشکنینەکان بە هەماهەنگیی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و بە بەشداریی یەکەکانی پۆلیس، جەندرمە و ئاسایشی کەناراوەکان بووە. لەو چوارچێوەیەدا پشکنین بۆ 15 هەزار و 154 شوێن کراوە
 
ئەو شوێنانەی پشکنینیان بۆ کراوە:
 
7 هەزار و 617 شوێنی گشتی.
 
500 تێرمیناڵ.
 
7 هەزار و 37 شوێنی دیکە.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە رێکارە یاساییەکان بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان بۆ وڵاتەکانیان دەستیپێکردووە.
 
ماوەیەکە حکومەتی تورکیا رێکارەکانی دژی کۆچبەرانی نایاسایی تووندتر کردووە، بەتایبەتی لە شارە سنوورییەکان و پارێزگاکانی سەر بە دەریای ئیجە، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ ئەورووپا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە