رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ، پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ) 24 تۆمەتباری داواکراوی لیستی سووری رادەستی وەزارەتەکەی کردوەتەوە و ئەو کەسانەش بۆ دادگەییکردنیان گەڕێندراونەتەوە تورکیا.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ) 24 تۆمەتباری داواکراوی لە لیستی سووری تورکیا رادەستی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کردەوە و گەڕێندرانەوە تورکیا.
عەلی یەرلیکایا باس لەوە دەکات، تۆمەتبارە داواکراوەکان بە تۆمەتەکانی قاچاخچێتی، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، مادەی هۆشبەر، هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، کوشتن و تاوانی رێکخراو داوا کرابوون و بەپێی بڕیاری دادگە لە لیستی سووری وەزارەتی ناوخۆ بوون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، تۆمەتبارە داواکراوەکان 19 کەسیان لە جۆرجیا، ئەوانی دیکەش لە ئەڵمانیا، نەمسا، هەنگاریا، سڕبیا و یۆنان دەستگیرکرابوون و ئینتەرپۆڵ رادەستی تورکیای کردنەوە.
یەرلیکایا گوتی، لەم کابینەی حکومەتەدا کە لە 2023ـەوە دەستبەکار بووە، 584 تۆمەتباری داواکراو لەلایەن ئینتەرپۆڵ و یۆرۆپۆڵەوە رادەستی تورکیا کراونەتەوە؛ 58 داواکراوی دیکە لە لیستی سوور لەناو تورکیا دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ