رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، بێدەنگبوونی چەکەکان سەرەتایە و ئامانجی سەرەکییان ئاشتییەکە کە لەسەر بنەمای یەکسانی، دادپەروەری و رەزامەندیی کۆمەڵایەتی دامەزرابێت.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، راپۆرتی پارتەکەی پێشکێشی ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمان کردووە کە لە چوارچێوەی چارەسەری پرسی کورددا دامەزراوە.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت گوتی، ئەو بابەتانەی لە راپۆرتەکەدا هاتوون، چاوەڕوانیی کۆمەڵگەن و گوتی: "دەمانەوێ رێگەیەک ببڕین. ئێمە کاتێکی نوێ، قۆناخێکی نوێ و تورکیایەکی نوێمان دەوێ. هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە پشتگیریی ئەو پرۆسەیە بکەین کە دەستیپێکردووە و ئەرکی سەرشانمان بە شایستەیی جێبەجێ بکەین".
کۆچیغیت رایگەیاند، بۆ ئەوەی بێدەنگیی چەکەکان ببێتە هەمیشەیی، پێویستە پەرلەمان بەپەلە یاسای یەکخستنی دیموکراسی و ئاشتی دەربکات و گوتی: "بێدەنگبوونی چەکەکان ئەنجام نییە، بەڵکو سەرەتایەکە. ئامانجی سەرەکیمان ئاشتیی ئەرێنییە کە لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری و رەزامەندیی کۆمەڵایەتی دامەزرابێت".
سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەکەدا، ئەو بەرپرسەی دەم پارتی گوتی: "دوو ئاراستەی سەرەکی دەبینین. یەکەمیان، ئاراستەی دیموکراسیی بێ کوردە و دووەمیش ئاراستەی نادیموکراسییە بە کوردەوە. روونە کە لەم جوگرافیایەدا بەبێ دابینکردنی چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد، دیموکراسی دابین ناکرێ. راپۆرتەکەمان بە دیدێک نووسراوە کە پەیوەندیی دیالێکتیکی لە نێوان چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد و تێکۆشانی بەدیموکراسیکردنی تورکیادا دروست دەکات."
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەبارەی دۆخی سووریاش رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری رووداوەکانی سووریا دەکەن و چاوەڕێی دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیین.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت سەرنجی خستەسەر رێککەوتنی 10ـی ئادار کە لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی واژۆ کرا و داوای کرد هەمووان هەوڵ بدەن بۆ جێبەجێکردنی.
گوڵستان کڵچ کۆچیغیت ئاماژەی بە لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و گوتی، پێویستە سەبارەت بە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا مامەڵەیەکی بنیاتنەرانە بکات و هەڵوێستێکی رێگریکارانە لە پێکدادان وەربگرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ