لە تورکیا و باکووری کوردستان فرۆشی خانووبەرە 7.8٪ کەمیکردووە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا فرۆشتنی خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان بەراورد بە هەمان مانگی پار 7.8٪ کەمیکردووە؛ کەمترین خانووش لە پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستان فرۆشراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 16-12-2025، دەستەی ئاماری تورکیا (TÜİK) ئاماری فرۆشتنی خانووبەرەی بۆ مانگی تشرینی دووەم بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، لەو مانگەدا 141 هەزار و 100 خانوو و شوقە فرۆشراون، لەکاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا 164 هەزار و 306 خانوو و شوقە فرۆشرابوون.
 
لە ریزبەندیی شارەکاندا بۆ زۆرترین فرۆشی خانوو، ئیستەنبووڵ لە پلەی یەکەمدایە و 24 هەزار و 234 خانوو و شوقەی تێدا فرۆشراوە. دوای ئەو ئەنقەرەی پایتەخت دێت بە فرۆشتنی 12 هەزار و 706 یەکە، ئیزمیریش بە فرۆشتنی 8 هەزار و 540 یەکەی نیشتەجێبوون لە پلەی سێیەم دێت.
 
بەپێی ئامارەکانی (TÜİK)، کەمترین رێژەی فرۆشتنی خانووبەرە لە پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستان تۆمارکراوە کە تەنیا 78 خانوو و شووقە بووە. دوای ئەویش پارێزگای بایبورت بە 131 یەکە و ئارتڤین بە 152 یەکە دێن.
 
سەرەڕای دابەزینی فرۆش لە مانگی تشرینی دووەمدا، بەڵام بەگشتی لە 11 مانگی ئەمساڵدا (کانوونی دووەم تاوەکو تشرینی دووەم)، فرۆشی خانووبەرە بەراورد بە هەمان ماوەی پار 13.3٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 434 هەزار و 133 خانوو و شوقە.
 
سەبارەت بە فرۆشتنی خانووبەرە بە بیانییەکان، دەستەی ئاماری تورکیا ئاشکرای کردووە، لە تشرینی دووەمدا هەزار و 943 خانوو و شوقە بە بیانییەکان فرۆشراون، کە دەکاتە رێژەی 1.4٪ـی کۆی گشتیی فرۆش؛ ئەمەش بەراورد بە پار 9.7٪ کەمیکردووە.
 
بیانییەکان زۆرترین خانوو و شوقەیان لەم شارانە کڕیوە: ئیستەنبووڵ 728 خانوو و شوقە، ئانتاڵیا 662 خانوو و شوقە و مێرسین 157 خانوو و شوقە.
 
زۆربەی بیانییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیا روو لە کڕینی خانووبەرە لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکەن. بەپێی یاسای ئەو وڵاتە، هەر بیانییەک بە بەهای 400 هەزار دۆلار خانووبەرە بکڕێت و بۆ ماوەی سێ ساڵ نەیفرۆشێتەوە، مافی وەرگرتنی وڵاتینامەی تورکیای پێ دەدرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە