رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی دا رایگەیاند، پرسی کورد "بە دیموکراسی چارەسەر دەکرێت".
کۆبوونەوەکە رۆژی سێشەممە 4-3-2025 بەڕێوەچوو، ئۆزگور ئۆزەل باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و پێشنیازی بە لایەنەکان دا، رایگەیاند، "ئەم بابەتە بەوەی بەڕێز باخچەلی رۆژی 1ـی تشرینی یەکەم چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و دواتریش دارێکی ئەفسووناوی گەیاندە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئینجا بە گوتنی هەموو شتەکان خۆیان چاک دەبن، چارەسەر نەبووە و نابێت. ئەمە راستەقینە نییە".
سەرۆکی جەهەپە جەختیشی کردەوە کە ئەو بابەتە دەبێت لە پەرلەمان و لەڕێی دیموکراسییەوە چارەسەر بکرێت.
ئەو پرۆسەیە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هەڵمەتی دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکانی دەم پارتی و چەند شارەوانییەکانی جەهەپە بەردەوامە.
ئۆزگور ئۆزەل لەوبارەیەوە گوتی: "لەکاتێکدا رۆژنامەڤانان، بەشداربووانی گەزی، کورد، تورک و بەرپرسی شارەوانییەکان لە گرتووخانەن و قەییوم بەردەوامە، چارەسەر رێی تێناچێت".
سەرۆکی جەهەپە تاوەکو ئێستا دژایەتیی خۆی بۆ پرۆسەکە نیشان نەداوە، بەڵام چەند جارێکە دەڵێت، نابێت دایک و باوکی سەربازانی کوژراوی سوپای تورکیا لەبیر بکرێن و هەنگاوێک نەنرێت کە دڵی ئەوان زویر بکات.
ئۆزگور ئۆزەل لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی: "ئەم پرۆسەیە بەمشێوەیەی ئێستا سەرکەوتوو و چارەسەر نابێت".
بەگوێرەی لایەنەکان، پرۆسەکە بە باشی دەڕوات. شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی و پارتە سیاسییەکانی کرد. هەروەها سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
پەکەکە رازی بووە وەڵامی ئەرێنیی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بداتەوە، بە مەرجێک ئۆجەلان خۆی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوەببات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ