رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی دەڵێ، لەو دیدارەی رۆژی 27ـی ئاداری 2026 لە ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرا، بەرپرسانی دەوڵەتیش بەشدار بوون.
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لەبارەی ئەو دیدارەی شاندی دەم پارتی رۆژی 27-3-2026 لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سازی کرد، قسەی کرد.
تەمەللی گوتی: "لەگەڵ شاندەکەماندا، بەرپرسانیش بەشدار بوون. راوێژ و گفتوگۆ کرا. تەنیا ئەو کەسانەی لە دیدارەکەدا ئامادە بوون، دەتوانن وردەکاریی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکەن".
ئەو بەرپرسەی دەم پارتی باسی لەو دەنگۆیانە کرد کە لەبارەی "یاسای پرۆسەی چارەسەری" لەنێو رای گشتیدا هەن و رایگەیاند، هیچ دەقێکی ئامادەکراو لەبەردەست نییە و رەشنووسەکەش دەکرێ بە دوو شێواز ئامادە بکرێ.
تەمەللی گوتی، دەبێت لە رێی راوێژی نێوان پارتەکانەوە دەقێکی هاوبەش ئامادە بکرێ یانیش دەسەڵات پێشنیازەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکرێ، بەڵام "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخە."
تەمەللی هەروەها کار و چالاکییەکانی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی بە گرنگ ناوبرد و گوتی، کۆبوونەوەی لایەنەکان لە ژێر چەتری پەرلەمانی تورکیا کارێکی گرنگە.
باسی لەوەش کرد کە جگە لە ئیی پارتی، هەموو پارتەکانی دیکە لەسەر ئەم زەوینەیە کۆکن و رایگەیاند، لە پرۆسە یاساییەکاندا دەکرێت رێککەوتنێکی بەرفراوانتر بکرێت.
بەرپرسەکەی دەم پارتی لەبارەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە رایگەیاند، پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان چارەسەریی کێشەی کورد و بەدیموکراسیکردنی کۆماری تورکیادا هەیە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە تورکیا لە رابردوودا بەهۆی چارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیەوە، رووی لە تاکڕۆیی کردووە و بونیاتنانی کۆماری بە چارەسەرکردنی ئەو پرسەوە گرێدا.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایەق ئۆزگور پێکهاتبوو، رۆژی هەینی 27ی ئاداری 2026 سەردانی دوورگەی ئیمراڵی کرد.
عایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ئەم سەردانە بۆ ئەوان زۆر گرنگە و گوتی: "شاندەکە لەبارەی چوارچێوەی یاسایی پڕۆسەکە، هەنگاوەکانی چەکدانان و ستاتۆی بەڕێز ئۆجەلان راوێژ دەکات."
دوێنێش شاندەکەی دەم پارتی راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ