رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەبارەی رۆژەڤی تورکیاوە قسەی کرد و وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لەوە دەکەن سیاسەتڤانە کۆنەکان و دامەزرینەرانی ئاکپارتی خەریکی دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی سیاسیی نوێن.
بولەنت ئارنچ، بە زمانێکی تووند دەنگۆی دامەزراندنی پارتێکی نوێی رەتکردەوە و گوتی: "خاوەنی ئەم ماڵەم، دامەزرێنەری ئەم پارتەم. ناتوانم پارتێکی جیاواز دابمەزرێنم و هێرش بکەمە سەر پارتەکەی خۆم."
ئارنچ ئاماژەی بەوەشکرد، رەخنەکانی بە واتای دژایەتیکردن نایەن و گوتی: "ئەوانەی لەپشت پەردەوە قسە دەکەن، چی دەڵێن با بڵێن، من نابمە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام رەخنە دەگرم. لە رابردووشدا رەخنەم لە مامۆستا ئەربەکان گرتووە، بەڵام ئەو هەرگیز منی لە خۆی دوورنەخستەوە."
ئارنچ، لەبارەی ئەو ناوانەی کە دامەزرێنەر و سیاسەتڤانی کۆنی ئاکپارتین گوتی، حوسێن چەلیک و هاشم کلچ "دیداری دیموکراسی" رێکدەخەن، بەڵام ئەمە بە مەبەستی دامەزراندنی پارت نییە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، عەبدوڵڵا گوڵ، سەرۆککۆماری پێشووتری تورکیا، پەیوەندیی بەم پرۆسەیەوە نییە و گوتی: "گوڵ نیازێکی وای نییە کە جارێکی دیکە ببێتەوە بەربژێری سەرۆککۆمار."
ئارنچ، لە قسەکانیدا باسی کەرتی میدیاشی کرد و بیریهێنایەوە کە لە سەردەمی جێگری سەرۆکوەزیرانیی خۆیدا، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای رادیۆ و تەلەڤیزیۆن (RTÜK) بە رێککەوتن دەدران. رەخنەی لە دۆخی ئێستای ئەنجوومەنەکە گرت و گوتی: "بەداخەوە RTÜK ئێستا بووەتە دامەزراوەیەکی ئایدۆلۆژی."
بولەنت ئارنچ، هەڵسەنگاندنی بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە تورکیا کرد و بەراوردی لەگەڵ قۆناخەکانی رابردوودا کرد. گوتی، تەنانەت لە سەردەمی 12ی ئەیلوول و ساڵانی نەوەتەکانیشدا، دەسەڵاتی باڵای دادوەری پابەندی یاسا نووسراوەکان بوو، بەڵام ئەمڕۆ جەخت لەسەر "دادپەروەریی خودایی" دەکرێتەوە.
ئارنچ گوتیشی: "کە بینییان ئەوانەی لە دەسەڵاتدان کەسانی دیندارن، لەبری باسکردنی یاسای پۆزەتیڤ، دەستیان کرد بە بیرهێنانەوەی دواڕۆژ. ئەمە زۆر جێگەی سەرنج و نەنگییە."
رەخنەی لەو سزایانەش گرت کە لەلایەن دادوەرە گەنجەکانەوە دەدرێن و دواتر هەڵدەوەشێنرێنەوە و گوتی: "دادوەرێکی تەمەن 24 ساڵ سزای زیندانیی هەتاهەتایی توندکراو دەسەپێنێت، دوای چەندین ساڵ بڕیارەکە هەڵدەوەشێتەوە."
ئارنچ، بەرگری لەوە کرد کە رێکاری دەستگیرکردن بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ بەکاردەهێنرێت و بە هێنانەوەی نموونەی سەرۆکی شارەوانیی بەیلیکدوزو، ناڕەزایەتیی بەرامبەر دەستگیرکردنەکان دەربڕی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ