محەممەد شیمشەک: تورکیا هیچ بژاردەیەکی نەماوە جگە لە گەڕانەوە بۆ بنەمایەکی عەقڵانی

04-06-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیمشەک ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2023 لە وەزارەتی گەنجینە و دارایی لە ئەنقەرە لە رێوڕەسمێکدا لە شوێنی نورەدین نەباتی، ئەرکی وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیای وەرگرت. 
 
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا کە بە رەچەڵەک کوردی باکووری کوردستانە، دەڵێ، تورکیا هیچ بژاردەیەکی نەماوە جگە لە گەڕانەوە بۆ بنەمایەکی عەقڵانی.
 
شیمشەک گوتی: "دەزانم ئەرکێکی قورس بە من دراوە بە شێوەیەکی شەخسیی. من باوەڕم وایە هەموومان بە ویژدانێکی پاکەوە لەم پرۆسەیە دێینە دەرەوە". 
 
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رایگەیاند: "کەمکردنەوەی هەڵاوسان بۆ تاکخانەیی لە ماوەیەکی مامناوەنددا، زیادکردنی دووربینی و خێراکردنی گۆڕانکاریی پێکهاتەیی گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ وڵاتەکەمان".
 
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا دەڵێت، ئامانجی سەرەکی حکومەتەکەیان زیادکردنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتییە. لە قۆناخی داهاتوودا شەفافیەت و پێشبینی و پابەندبوون بە نۆرمە نێودەوڵەتییەکان ئامانجی سەرەکییان دەبێت. دەشڵێت، "تورکیا هیچ بژارەیەکی نەماوە جگە لە گەڕانەوە بۆ بنەمایەکی عەقڵانی".
 
چاوەڕوان دەکرێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 6ـی حوزەیران سەرۆکایەتی یەکەمین کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی بکات.
 
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 7ـی حوزەیران، وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکومەت لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی بخۆن و بە فەرمی دەستبەکاربن. 
 
محەممەد شیمشەک لە 1967 لە ئێلیهی باکووری کوردستان لەدایکبووە و بە رەچەڵەک کوردە. لە ساڵی 1988 بەشی ئابووری لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە. لە ساڵی 2007 بووە پەرلەمانتاری ئاکپارتی و لە هەمان ساڵدا کرایە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئابووری.
 
شیمشەک لە ساڵی 2009 پۆستی وەزیری دارایی تورکیای وەرگرت و لە ساڵی 2011 دابووەوە پەرلەمانتاری ئاکپارتی. دواتر لە ساڵی 2015 کرایە یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی تورکیا. 
 
سیاسەتڤانە کوردەکە زمانەکانی کوردی، تورکی و ئینگلیزی دەزانێت و وڵاتینامەی بەریتانیاشی هەیە. لە 3-6-2023 کرایە وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا. 
  
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو