رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ دیمەشق زیاد دەکات؛ ئاماژەش بەوە دەکات، ئەنقەرە هیچ پلانێکی بۆ کشانەوەی دەستبەجێی هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا نییە.
رۆژی چوارشەممە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی دەستی بە راهێنانی سەربازی و راوێژدان بە هێزەکانی سووریا کردووە، ئەوەش بە ئامانجی بەهێزکردنی توانا سەربازی و بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە.
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی، هێزەکانی حکومەتی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەمێننەوە تاوەکو ئەوکاتەی "ئاسایش، ئارامی، سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە دەگەڕێتەوە".
یەشار گولەر رایگەیاند، پرسی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی تەنیا کاتێک هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت کە سووریا ئاشتی و سەقامگیری بەدیهێنابێت، هەروەها "کاتێک هەڕەشەی تیرۆر لە ناوچەکەدا بە تەواوی نەمابێت؛ کاتێک ئاسایشی سنوورەکانمان بە تەواوی مسۆگەر کرابێت؛ کاتێکیش ئاوارە و پەناخوازەکان سەربەرزانە بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان."
زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، تورکیا زیاتر لە 20 هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری سووریا هەیە.
تورکیا لە ساڵانی 2016 هێرشی سەربازی کردە سەر ناوچەکانی باب و جەرابلووس لە باکووری سووریا کە ئەو کات لەژێر دەسەڵاتی داعش دا بوون، ساڵی 2018 هێرشی کردە سەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و ساڵی 2019ـش هێرشی کردە سەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان.
گولەر ئەوەشی راگەیاند، ئامانجی سەرەکی بوونی سەربازییانەی تورکیا لە سووریا "پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەیەتی"؛ گوتیشی، تورکیا لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، هاوکاریی تەواوی حکومەتی نوێی سووریا دەکات.
فراوانبوونی دەسەڵاتی تورکیا لە سووریا نیگەرانی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە و چەندین جاریش تەلئەڤیڤ نیگەرانیی خۆی لەو بارەوە راگەیاندووە.
گولەر گوتی، تورکیا و ئیسرائیل لە گفتوگۆی تەکنیکیدان بۆ رێگریکردن لە پێکدادانی سەربازیی راستەوخۆ، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت ئەو گفتوگۆیانە وەک هەنگاوێک بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لێکبدرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ