دەزگای ئوموت: لە تورکیا 32 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت هەن

04-08-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای ئوموت، لە باکووری کوردستان و تورکیا 36 ملیۆن چەک هەن و تەنیا 4 ملیۆنیان مۆڵەتی بۆ وەرگیراوە، 32 ملیۆنەکەی دیکە بێ مۆڵەتن.
 
دەزگای ئوموت کە بەدواداچوون و راپۆرتەکانی زیاتر تایبەتن بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و کەمکردنەوەی چەک لە دەستی خەڵک، رۆژی چوارشەممە، 2-8-2023 راپۆرتێکی بڵاوکردەوە.
 
ئایهان ئاکجان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای ئوموت رایگەیاند: "ساڵی 2023 لە ماوەی 211 رۆژدا هەزار و 938 رووداو روویانداوە. لە نێو ئەوانەدا بەداخەوە 200 کەس لەو رووداوانەدا چەکیان بەکارهێناوە. 20 کەسیان بە تفەنگ بووە و ئەوانەی دیکەش بە دەمانچە. زۆربەیان بۆچوونیان وەهایە کە دەڵێن لەڕێی چەکەوە پارێزگاری لەخۆیان دەکەن. کەچی 20٪ی ئەو تاوانانەی چەکیان تێدا بەکارهاتووە، کێشەی نێو هەمان خێزان بووە. بە گشتیش لە 85٪ی شەڕەکاندا چەک بەکارهاتووە".
 
ئایجان هەروەها جەختی لەسەر زۆربوونی چەکی بێ مۆڵەت کردەوە و گوتی: "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، 9 چەکی بێ مۆڵەت هەیە. بە گشتی لە وڵاتەکەماندا چوار ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەن. لە بەرامبەردا نۆ هێندە چەکی بێ مۆڵەت هەن، کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر سێ ماڵ یەکێکیان چەکی لێیە".
 
دەزگای ئوموت جگە لە ئامارەکان، هۆشداریش لە زیادبوونی ژمارەی چەک لە تورکیا دەدات. بەگوێرەی راپۆرتەکە لە باکووری کوردستان و تورکیادا رۆژانە 10 کەس گیانلەدەستدەدەن و 20ی دیکەس بریندار دەبن. ساڵانە چەک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 5 هەزار کەس. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2022ی دەزگای ئوموت، لە 3 هەزار و 984 رووداوی باکووری کوردستان و تورکیادا چەک بەکارهێندراوە. لە ئاکامدا 2 هەزار و 278 کەس کوژراون و 4 هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە