رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکدا کە بە واژۆی یوکسەل موتڵو، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی دەرچووە، ئاماژە بە هێرشەکەی رۆژی 3ی ئابی 2014 داعش بۆ سەر شنگال کراوە و داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات وەکو جینۆساید بیناسێنێ.
لە راگەیێندراوەکەی دەم پارتیدا، هێرش و جینۆسایدی داعش بۆ سەر کوردانی ئێزدی بە پەڵەیەکی رەشی مێژوویی وەسفکراوە و لە بەشێکیدا هاتووە: "لەو وەحشیگەرییەدا زیاتر لە 5 هەزار ئێزدی کۆمەڵکوژ کران، هەزارانیان رفێندران؛ ژن و منداڵ کرانە کۆیلە و رووبەڕووی ئەشکەنجەی سیستماتیک بوونەوە. سەرەڕای تێپەڕینی 11 ساڵ، هێشتا زیاتر لە هەزار ژن و منداڵی ئێزدی ونن و چارەنووسیان نادیارە".
ئەو هێرشانەی سەر کوردانی ئێزدی لەلایەن هەندێک دامەزراوە و دەوڵەتەوە بە جینۆساید ناسێنراون، بەڵام هێشتا لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ویستێکی گشتگیر و پابەندکار بۆ ناساندنی دروست نەبووە.
'بانگەواز دەکەین تورکیا جینۆسایدی ئێزدییەکان بناسێنێت'
بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی تورکیا دەکەین دان بەو جینۆسایدەدا بنێن کە بەرامبەر بە گەلی ئێزدی ئەنجامدراوە، رێز لە ئیرادەی خەڵکی شنگال بگرن، دەستپێشخەریی پێویست بۆ دۆزینەوەی ونبووەکان بکەن و بەرپرسیارێتیی ئەوە لە ئەستۆ بگرن کە ئێزدییەکان بتوانن لەسەر خاکی خۆیان بە ئازادی و ئارامی بژین.
ئەوانەی ژنان و منداڵانیان کردە کۆیلە و بازرگانییان بە تاریکییەوە کرد، ناویان چووەتە لاپەڕەی شەرمنانەی مێژووەوە. رووبەڕووبوونەوەی ئەم تاریکییە تەنیا بەرپرسیارێتیی رابردوو نییە، بەڵکو هی ئەمڕۆ و داهاتووشە. بۆ ئەوەی داهاتوو لە تاریکیدا نەمێنێتەوە، ئەمڕۆ ئەرکی هەموومانە دەنگی دادپەروەری بەرز بکەینەوە، یادەوەری بەهێز بکەین و ببینە هاوبەشی بەرخۆدانی ئێزدییەکان."
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە:"کوردانی ئێزدی هەڵگری باوەڕ و کولتوورێکی دێرینن و سەدان ساڵە لەسەر ئەم خاکەن. ئەم گەلە کە بە درێژایی مێژوو هەوڵی لەنێوبردنی دراوە، هەر جارەو بە بەرخودان توانیویەتی درێژە بە بوونی خۆی بدات و پارێزگاری لە باوەڕ و ناسنامەی خۆی بکات. رۆژی 3ی ئاب تەنیا یادکردنەوە نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بانگەوازێکی نوێی ئێزدییەکانە بۆ خەباتی راستی، دادپەروەری و کەرامەت".
"پێکهاتەی دیمۆگرافیی شنگال هێشتا لەژێر هەڕەشەدایە"
دەم پارتی ئاماژە بە بەردەوامیی هەڕەشە لەسەر دیمۆگرافیای شنگال دەکات و دەڵێت:"بەداخەوە، سەرەڕای تێپەڕینی 11 ساڵ، ئەو ئازارە سەختانەی ئێزدییەکان چەشتوویانە، بە تەواوی قەرەبوو نەکراونەتەوە؛ پرۆسەی دادپەروەری و رووبەڕووبوونەوەش تەواو نەبووە. پێکهاتەی دیمۆگرافیای شەنگال هێشتا لەژێر هەڕەشەدایە. مافی گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان رێگریی لێدەکرێت".
هەتاوەکو ئێستا ئەمریکا، کەنەدا، بریتانیا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، هۆڵەندا، فەرەنسا، سویسرا، ئەرمینیا، ئوسترالیا و سکۆتڵاند جینۆسایدی سەر کوردانی ئێزدیان ناساندووە.
چی روویدابوو؟
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند. رۆژی 3ـی ئابی 2014 تەنیا شوێن کە کوردانی ئێزدی هانایان بۆ برد چیای شنگال بوو؛ ئەوانەی لە شەڕەکە هەڵاتن روویان کردە چیای شنگال؛ دواتر لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان زۆرینەیان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا- پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.
بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدی ئاوارەبوون؛ بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 130 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
لە هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس شەهیدکران و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەروەها 6 هەزار و 417 کەس رفێندران، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ