رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵی، تێکەڵنەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سووریا، هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییان.
زەکی ئاکتورک، راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە چواری ئەیلوولی 2025 لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەی وەزارەتەکە، کە لە بارهگای فەرماندەیی هێزە تایبەتەکان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. گوتی: "جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی چەکدانان و یەکگرتنەوە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی هەسەدەوە، هەڕەشەیە لەسەر یەکێتیی سووریا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا".
راوێژکاری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوای لە هەسەدە کرد، "بەگوێرەی پرۆسەی یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپای سووریا بجووڵێتەوە و دەست لە هەموو جۆرە کردار و گوتارێک هەڵبگرێت کە زیان بە یەکێتیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگەیێنێت."
زەکی ئاکتورک گوتیشی، چاودێریی ئەو پرۆسەیە دەکەن و لە کاتی پێویستدا هەم بۆ ئاسایشی وڵاتەکەیان و هەم بۆ سەقامگیریی سووریا، لە هەموو روویەکەوە پشتیوانیی سووریا دەکەن.
رۆژی 10ـی ئاداری ئەم ساڵ، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە دیمەشق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکە هەسەدە دەبێت ببێتە بەشێک لە هێزەکانی سووریا، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ