رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە 7 پەرلەمانتاری دەم پارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی و پارتی دیموکرات دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا، 7 دۆسیەی تاوان دژی 2 پەرلەمانتاری دەم پارتی، 2 پەرلەمانتاری جەهەپە، پەرلەمانتارێکی مەهەپە، پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی و پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکرات لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دۆسیەکان دژی هەریەک لە مەرال دانیش بێشتاش و جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتارانی دەم پارتی؛ ئەحمەد تونجای ئۆزکان و ماهیر پۆلات، پەرلەمانتارانی جەهەپە؛ مستەفا باکی ئەرسۆی، پەرلەمانتاری مەهەپە؛ جەمال ئەنگینیورت، پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات و تورهان چۆمەز، پەرلەمانتاری ئیی پارتی تۆمارکراون.
هاوکات لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا 758 دۆسیەی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی پێشکێش کراون کە 524یان دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی بوون؛ 99 دۆسیەیان دژی سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری بازنەی مێردین تۆمارکراون.
رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2024، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە، متمانە لە جان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا (تیپ) سەندرایەوە کە پێش هەڵبژاردنی زیندانیکرابوو و سوێندی یاساییشی نەخواردبوو.
نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەکانی تاوان ئاراستەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لە نەبوونی کەموکورتی لە دۆسیەکان و دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکانیان دەکات و دوای پەسەندکردنیان، بابەتەکە لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتییەوە دەخرێتە بەرنامەی خشتەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ