رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای تۆرباڵی سەر بە پارێزگای ئیزمیری تورکیا، هەشت قوتابی ئامادەیی بە هەوڵی ئامادەکاری بۆ هێرشێکی چەکداری بۆ سەر قوتابخانەکەیان دەستگیرکران. باس لەوە دەکرێ کە ئەو قوتابییانە لە گرووپێکی وەتسئەپدا باسیان لە ئەنجامدانی هێرشێکی هاوشێوەی هێرشەکانی رووها و مەرەش کردووە.
تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمەی قەزای تۆرباڵی، لەسەر بنەمای زانیارییەک سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ کارێکی تووندوتیژی، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد. لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوت کۆمەڵێک قوتابی پۆلی 12ی قوتابخانەی پانجار، لە گرووپێکی پەیوەندی بە ناوی "12/A Avîyonîk" پلانی هێرشێکی چەکدارییان تاوتوێ کردووە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، قوتابییەکان لە نامەکانیاندا ئاماژەیان بەو هێرشانە کردووە کە لە رۆژانی رابردوودا لە پارێزگاکانی رووها و مەرەش کرابوونە سەر قوتابخانەکان.
گومانلێکراوان ویستوویانە هێرشی هاوشێوە بۆسەر قوتابخانەکەیان ئەنجام بدەن. هەربۆیە تیمەکانی جەندرمە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات دا هەڵیانکوتایە سەر شوێنی قوتابییەکان.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەشت قوتابی دەستگیرکران. تیمەکانی جەندرمە لە کاتی پشکنینی ماڵەکاندا دەستیان بەسەر ئامێرە دیجیتاڵییەکان و کەرەستەی قوتابییەکاندا گرت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر نامەکانیان بکرێ.
لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو هەشت قوتابییە لە فەرماندەیی جەندرمەی قەزاکە بەردەوامە. سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی تۆرباڵیش رایگەیاند، بۆ روونکردنەوەی هەموو لایەنەکانی رووداوەکە، لێکۆڵینەوەیەکی فرەلایەن دەکرێ. چاوەڕوان دەکرێ دوای وەرگرتنی گوتە لێیان، هەشت قوتابییەکە رەوانەی دادگە بکرێن.
رۆژی 14ی نیسان، لە قەزای سێوەرەگی رووها، قوتابییەک بە چەک هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ئەحمەد کۆیونجو و لە ئەنجامدا 10 خوێندکار، 4 مامۆستا، پۆلیسێک و کارمەندێکی قوتابخانەکە بریندار بوون. هێرشکارەکەش بە هەمان چەک خۆی کوشت.
رۆژێک دوای ئەوە، رۆژی 15ی نیسانی 2026، لە پارێزگای مەرەش، خوێندکارێکی پۆلی 8 بە ناوی عیسا ئاراس مەرسینلی هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەل چالیک. لەو هێرشەدا 9 خوێندکار و مامۆستایەک کوژران و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون کە دۆخی 3 کەسیان سەختە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ