رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیێنێت، ناوەڕۆکی دیداری شاندی پەرلەمان لەگەڵ ئۆجەلان بە نهێنی نامێنێتەوە و دەزگای هەواڵگری (میت) تۆمارەکانی لای خۆی پاراستووە. نوعمان کورتوڵموش دەشڵێت: "هیچ داواکارییەک نییە بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی."
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-12-2025 بەر لە کۆبوونەوەی "کۆمیسیۆنی پاڵپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" سەبارەت بە سەردانی شاندە سێ کەسییەکە بۆ ئیمراڵی، قسەی بۆ میدیاکان کرد.
کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە، هیچ شتێک لە رای گشتی ناشاردرێتەوە، گوتی: "ئەو پەرلەمانتارانەی چوونەتە ئیمراڵی تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان بۆ کۆمیسیۆنەکە باس دەکەن. گرنگ ئەوەیە هێڵە گشتییەکانی ئەوەی لەوێ قسەی لەسەر کراوە لەگەڵ کۆمیسیۆنەکەدا هاوبەش بکرێت. میت، هەر لە بنەڕەتدا کۆنووسی ئەو دیدارانەی تۆمار کردووە و تۆمارەکان لەبەردەستی ئەواندان."
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیدەم ئۆزەل تومەر، نووسەری رۆژنامەی میلییەت، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوە کردووە کە لە دیداری ئیمراڵیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پابەندبوونی خۆی بەو "چوارچێوە گشتییە" دووپاتکردووەتەوە، کە دەوڵەت دیاری کردووە.
کورتوڵموش دەڵێت، چوارچێوەکە بریتییە لەوەی: "بەبێ داواکارییەکانی وەکو فیدراسیۆن، دەوڵەتێکی جیاواز یان کۆنفیدراسیۆن، بەبێ کردنەوەی هیچ مشتومڕێک لەبارەی چوار ماددەی یەکەمی دەستوور و بەبێ هێنانە ئارای بچووکترین داواکاری لەبارەی زمانی کوردی وەکو زمانی فەرمی، داواکارییەکانی هاووڵاتییە کوردەکانمان بە ستانداردی دیموکراتیی پێشکەوتووتر جێبەجێ بکرێن."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی تێبینیی پەرلەمانتارانی ئەندامی کۆمیسیۆنەکە، کۆبوونەوەکەی ئیمراڵی "یەکجار ئەرێنی و بونیادنەرانە" بووە و خواستی کۆتاییهێنان بەم بابەتە هەیە.
کورتوڵموش گوتی: "دڵمان ئاواتەخوازە کە هەموو پارتەکان لەسەر پێشنیازێکی هاوبەش رێکبکەون و بەخێرایی پرۆسەکە تەواو بکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کورتوڵموش هۆشداریدا کە ئەگەرچی تاوەکو ئێستا پرۆسەکە باش بەڕێوەچووە، بەڵام "قۆناخی داهاتوو مەترسیدارترین قۆناخە."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای لە پەکەکە کرد بە هەنگاوەکانیاندا بچنەوە و گوتی: "پێویستە دڵنیا ببینەوە کە رێکخراوەکە بە هەموو توخمەکانییەوە وازی لە چەک هێناوە و دەستی لە چالاکییە رێکخراوەییەکانی هەڵگرتووە. هەروەها دەبێت ببینرێت کە لە سووریاش لە چوارچێوەی یەکگرتنێکدا لەگەڵ ئیدارەی نوێدا جێدەگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ