رووداو دیجیتاڵ
تیمی نووسینەوەی راپۆرتی ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ چارەسەری پرسی کورد پێکهێندراوە، بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی هاوبەش کۆدەبێتەوە.
تیمەکە کاژێر 15:00ی رۆژی سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026 بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە، لە پەرلەمان کۆدەبێتەوە.
تیمی نووسینەوەکە بیروڕا لەبارەی ئەو راپۆرتەوە ئاڵوگۆڕ دەکات کە کاری لەسەر دەکرێ و دەست بە نووسینەوەی راپۆرتەکە دەکات.
لە تیمی ئامادەکردنی راپۆرتەکەدا هەریەک لە جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی ئیستەنبووڵ؛ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)؛ موراد ئەمیر، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)؛ بولەنت کایا، سەرۆکی فراکسیۆنی رێگەی نوێ و عەبدولحەمید گوڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئەندامن.
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە.
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا، لە پێنجی ئابی 2025 ـدا دەستبەکار بوو.
کۆمیسیۆنەکە لە 19 کۆبوونەوەدا گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت. ئیدی قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە بوو.
ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی دەهات، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنەکە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەم ئامادە نابێت، کۆمیسیۆنەکە رۆژی 24 ـی کانوونی یەکەمی 2025 بۆ 20ـەمین جار کۆبووەوە. بە دەنگدان بڕیاردرا ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە لە قۆناخی نووسینی راپۆرتدا بۆ دوو مانگ درێژ بکرێتەوە.
سەرجەم لایەنەکان راپۆرتیان پێشکێش کرد و چاوەڕوان دەکرێ تیمی نووسینەوە راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ