رووداو دیجیتاڵ
بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی ئاکپارتی، کاردانەوەی بەرامبەر دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمریکاوە نیشاندا و گوتی، پێویستە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەندێک هەنگاو بگرنەبەر.
ئارنچ، ئەمڕۆ دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەسەر دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکادا، پۆستێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە "داڕمان"ی یاسای نێودەوڵەتی دا و ئەو هەنگاوانەی خستنەڕوو کە پێویستە تورکیا لەم جیهانە پڕ لە ئاژاوەیەدا بۆ مانەوەی خۆی بیانگرێتەبەر و رایگەیاند، "ئەم رووداوە ئەوە دەردەخات کە یاسای نێودەوڵەتی بە کردەوە داڕماوە. کردەوەکانی دەوڵەتە بەهێزەکان کە یاسا پشتگوێ دەخەن، جیهان بەرەو ئاژاوە دەبەن."
ئارنچ شانازیکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بە ئۆپەراسیۆنەکە بە "شەرمەزاری" ناوبرد و سەرنجی خستەسەر پێشوازیکردنی ئەمریکا لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داوای دەستگیرکردنی کراوە و ئەم دیمەنەی بە "نیشانەیەکی روونی ئەو تێگەیشتنەی دەڵێت: ئەوەی بەهێز بیکات بۆی دەچێتەسەر" هەڵسەنگاند.
دەبێت زیندانیانی سیاسی لەپێشینە بن
ئارنچ باسی لەوە کرد، لە بەرامبەر زیادبوونی "کاری نایاسایی" لەسەر ئاستی جیهان، گرنگترین پێویستیی تورکیا "بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆیە" و ئاماژەی بە بانگەوازەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە لەوبارەیەوە کرد و رایگەیاند، ئەمە بە قسە نابێت، بەڵکو بە هەنگاوی بەرجەستە دەبێت.
لە پۆستەکەیدا ئارنچ نووسیویەتی، "لێرەدا دەمەوێت ئەمە بڵێم: هەر وڵاتێک کە دەبینێت جیهان لە بەرامبەر رووداوێکی وەهادا بێدەنگە، دەتوانێت بیر لەوە بکاتەوە کە رەنگە خۆیشی رووبەڕووی هەمان دۆخ ببێتەوە. رەنگە بەهێزەکان دەستدرێژی بکەنە سەر یاسای وڵاتانی دیکە و هەوڵبدەن ئەو رژێمەی دەیانەوێ بیهێننە سەر دەسەڵات. بێگومان، لە کاتی بیرکردنەوە لە بوونی هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە بۆسەر وڵاتەکەمان، هاوڕام لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەی کە تاکە شت دەبێت بکرێت، بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیە."
پێویستە سیاسییەکان بە ئازادیی خۆیان بگەن
ئانچ گوتی، "واتە، ئەو بابەتەی کە بەڕێز سەرۆککۆمارمان بەردەوام جەختی لێدەکاتەوە کە بریتییە لە پتەوکردنی بەرەی ناوخۆ، بۆ تورکیا وەک نان و ئاو گرنگیی پەیدا کردووە. رێگەی ئەمەش ئەوە نییە کە هەموو رۆژێک ئەم وشەیە بە شێوەیەکی ئاسایی بەکاربهێنین، بەڵکو ئەوەیە کە پێویستییەکانی جێبەجێ بکەین. یەکێک لەو کارانەی کە دەبێت بەپەلە بکرێن، هەنگاونانە بۆ دادپەروەری و سەروەریی یاسا. پێویستە زیندانیانی سیاسی، زیندانیانی بیروبۆچوون، رۆژنامەڤان و زیندانیانی نەخۆش، هەرچی زووە بە ئازادیی خۆیان بگەن. پێویستە واز لەوە بهێنرێت کە ئەو کەسانەی تەنانەت چەقۆشیان بەدەستەوە نەگرتووە، وەک تاوانباری تیرۆر پیشان بدرێن و سزای چەندین ساڵ زیندانییان بەسەردا بسەپێندرێت."
دەبێت پرۆسەکە لە کورتترین کاتدا بگاتە ئەنجام
ئارنچ پێیوایە خاڵی دووەم ئەوەیە، ئەو پرۆسەیەی کە بەناوی "تورکیای بێ تیرۆر"ەوە دەستیپێکردووە و بەرەو ئامانجەکەی دەڕوات، لە کورتترین کاتدا بگاتە ئەنجام و دەڵێت، "لە کاتێکدا کە هێڵە جیابووەکانی کۆمەڵگە خەریکە دەشکێن، دەبێت رێگە بەوە نەدرێت و بەپەلە پێویستیمان بە کەشێک هەیە کە خۆشەویستی، رێز و پابەندبوون بە نیشتمان و نەتەوە لەنێو کۆمەڵگەدا بەهێز بکات."
ئاکپارتی پێویستی بە چاکسازییە
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "پێموایە بۆ هەموو ئەمانە، ئاکپارتی پێویستی بە بزووتنەوەیەکی چاکسازی هەیە، هەروەک ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی. دڵنیابن دوای ئەوەی ئەم هەنگاوانە دەنرێن، تورکیا لەناوخۆدا دەگاتە پێکهاتەیەکی زۆر بەهێزتر و پتەوتر. زمانی خۆشەویستی و لەئامێزگرتن لەنێو دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن و هەموو چینەکانی کۆمەڵگەدا زاڵ دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ