سەرۆکی پارتێکی تورکیا: وێنەی ئەتاتورکیان لە پاسپۆرتی دیپلۆماسی لاداوە و پڕیان کردووە لە مزگەوت

05-06-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی یەنیلیک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وێنەی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا لە پاسپۆرتی دیپلۆماسی لادراوە و زۆرینەی وێنەکانی ئێستا مزگەوتن.
 
 ئۆزتورک یڵماز، رۆژی چوارشەممە 4-6-2025 لە ئێکسی خۆیدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و رەخنەی لە حکومەت گرت بەوەی وێنەی ئەتاتورک و گۆڕەکەی دانەنراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 5-6-2025 لە وەڵامی پرسیاری تۆری میدیایی رووداو لەمبارەیەوە گوتی: "ئەو پاسپۆرتە دیپلۆماسییانە گۆڕاون و لەسەر لاپەڕەکاندا وێنەیان داناوە. وێنە گرنگەکانی تورکیا؛ وەکو شوێنە گەشتیارییەکان و مزگەوت و گومەزەکان، بەڵام ئانت کەبیر [گۆڕی ئەتاتورک] نییە، ئایا ئانت کەبیر سیمبوڵی تورکیا نییە؟".
 
ئۆزتورک یڵماز هەروەها گوتی، پێشتر وێنەی ئەتاتورک هەبووە، بەڵام لەم چاپە نوێیەدا لادراوە.
 
سەرۆکی پارتی یەنیلیک رەخنەی تووند لە ئاکپارتی دەگرێت و پێیوایە بە ئەنقەست ئەو وێنانە دانەنراون و دەڵێت، پێشتر وێنەی ئەتاتورک هەبوو، بەڵام لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لایانداوە.
 
ئۆتورک یڵماز کێیە؟
 
پێشتر کۆنسووڵی تورکیا بوو لە نەینەوا، رۆژی 11-06-2014 و دوای کەوتنی نەینەوا لەگەڵ 49 کەسی دیکەی کارمەندی کۆنسووڵخانەی تورکیا لەلایەن داعشەوە رفێندران و دوای 101 رۆژ ئازاد کران.
 
دواتر کرایە باڵیۆزی تورکیا لە تاجیکستان، بەڵام لە ئەیلوولی 2015 وازی لە پۆستەکەی هێنا و پەیوەندیی بە پارتی گەلی کۆماری - جەهەپەوە کرد.
 
یڵماز دەستی لە جەهەپەش کێشایەوە و رۆژی 20-7-2020 پارتێکی بەناوی یەنیلیک دامەزراند. 
 
ئەو پارتە هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە