راپرسییەك: 81%ی كوردی باكووری كوردستان و توركیا پشتیوانی لە پڕۆسەی چارەسەری دەكات

05-07-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێک بەناوی "لە پرسی کورد دا قۆناخێکی نوێ" لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست بڵاوکراوەتەوە و پشتئەستوور بەو راپرسییانەی کراون، چەندین زانیاریی سەرنجڕاکێش خراونەتەڕوو.
 
راپرسییەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست لە نێوان 13 هەتاوەکو 23ی ئایاری 2025 لە 21 پارێزگا و 56 شارۆچکەی تورکیا و باکووری کوردستان کراون. 
 
نەتەوە
 
لە رووی نەتەوە، 71٪ی بەشداربووان تورک، 21٪ کورد، هەروەها 5٪ عەرەب و 3٪شیان نەتەوە جیاوازەکانی دیکەن.
 
تەمەن
 
لە راپرسییەکەدا 39٪ی بەشداربووان تەمەنیان لەنێوان 30-49 ساڵانە. هەروەها 37٪یان تەمەنیان سەروو 50 ساڵە و 24٪ی بەشداربووانیش تەمەنیان 18 بۆ 29 ساڵە.
 
ئاستی خوێندن
 
ئەوانەی بڕوانامەی نزمتر لە ئامادەییان هەیە، واتا ئامادەییان تەواونەکردووە، 48٪ـی بەشداربووان پێکدەهێنن. 29٪یان بڕوانامەی بەرزتر لە ئامادەییان هەیە و 23٪شیان خاوەن بڕوانامەی ئامادەیین.
 
کورد متمانەی بە ئەردۆغان، باخچەلی و دەمیرتاش هەیە
 
بەشداربووان لە تورکیا و باکووری کوردستان وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە پرسی کوردیان دایەوە.
 
41,1٪ـی بەشداربووان پێیانوایە کێشەی کورد هەیە. هەروەها 54,6٪ رەتیدەکەنەوە کێشەی کورد هەبێت. 4,2٪ـش هیچ بیرۆکەیەکیان لەمبارەیەوە نییە و دەڵێن نازانن.
 
نزیکەی 40٪ـی خەڵک متمانەیان بە ئەردۆغان و باخچەلی هەیە
 
یەکێکی دیکە لە پرسیارەکانی راپرسییەکە تایبەتە بەوەی کام سەرکردە توانای چارەسەرکردنی پرسی کوردی هەیە.
 
39,9٪ـی بەشداربووان متمانەیان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد.
 
16،5٪یان پێیانوایە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەتوانن پرسی کورد چارەسەر بکەن.
 
سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە لە 2016ــەوە لە زیندانە، لەلایەن بەشداربووانەوە بە رێژەی 12,3٪ پشتگیری کراوە لەوەی توانای چارەسەرکردنی پرسی کوردی هەیە. 9,1٪ی بەشداربووان دەڵێن، مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە دەتوانێت ئەو پرسە چارەسەر بکات و 22،2٪ش پێیانوایە هیچ سەرکردەیەک ناتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات.
 
23٪ی لایەنگرانی دەم پارتی متمانەیان بە ئەردۆغان و باخچەلی هەیە
 
لەو راپرسییەدا 81٪ـی لایەنگرانی هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) پێیانوایە ئەردۆغان و باخچەلی دەتوانن پرسی کورد چارەسەر بکەن. هەروەها 10٪ی لایەنگرانی جەهەپە، 23٪ی لایەنگرانی دەم پارتی و 17٪ی لایەنگرانی ئیی پارتی لە راپرسییەکەدا پێیانوایە ئەردۆغان و باخچەلی دەتوانن پرسی کورد چارەسەر بکەن.
 
55٪ی لایەنگرانی دەم پارتی پێیانوایە دەمیرتاش پرسی کورد چارەسەر دەکات
 
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە یەکێک لەو سیاسەتڤانە کوردانەیە کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، جێی متمانەی جەماوەرە. 
لە راپرسییەکەدا 55٪ی لایەنگرانی دەم پارتی گوتوویانە پێیانوایە دەمیرتاش دەتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات.
 
دەمیرتاش لەلایەن 5٪ی جەماوەری ئاکپارتی - مەهەپە، 12٪ی جەهەپەییەکان و 8٪ی لایەنگرانی ئیی پارتی متمانەی پێدراوە.
 
پرۆسەی چارەسەری بە 64,6٪ پشتیوانی دەکرێت
 
پرۆسەی چارەسەری ساڵی 2013 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە دەستیپێکرا و ئەمجارەش دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە پەرلەمانەوە دەستپێشخەریی بۆ کرد.
 
ئەم پرۆسەیە یەکێکی دیکە بوو لە پرسیارەکانی راپرسییەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست.
 
بە گشتی 64،4٪ـی بەشداربووان پشتیوانیی خۆیانیان بۆ پرسەکە نیشاندا و 22,5٪یشیان رایانگەیاند کە پشتیوانیی لی ناکەن. 13,2٪شیان بێلایەنن و هیچ بۆچوونێکیان نییە.
 
60٪ـی تورکەکان پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەریدا دەکەن و 26٪ـیان پشتیوانی لێ ناکەن. 
 
بۆچوونی کورد لەسەر پرۆسەی چارەسەری
 
81٪ـی کورد پشتیوانی لێ دەکات و 9٪ـیان پشتیوانی لێ ناکەن.
 
بەڕێوەچوونی پرۆسەی چارەسەری
 
بەگوێرەی راپرسییەکەی ناوەندی لیکۆڵینەوەی راوەست، 41,7٪ پێیانوایە پرۆسەکە سەرکەوتووانە بەڕێوەدەچێت و 29,9٪ش پێیانوایە هەرەس دەهێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە 29،1٪ی بەشداربووان هیچ بۆچوونیکیان نییە. 
 
کێن ئەوانەی پرۆسەی چارەسەری بە سەرکەوتوو دەبینن؟
 
ئاکپارتی: 70٪
دەم پارتی: 49٪
مەهەپە: 49٪
ئیی پارتی: 22٪
جەهەپە:16٪
 
کێن ئەوانەی پرۆسەی چارەسەری بە شکست خواردوو دەبینن؟

 

جەهەپە: 55٪
ئیی پارتی: 53٪
دەم پارتی: 29٪
مەهەپە: 17٪
ئاکپارتی: 6٪
 
42٪ـی تورکەکان پێیانوایە پەکەکە چەک دادەنێت
 
لە راپرسیەکەدا پرسیار لەبارەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاراستەی بەشداربووان کراوە. 46٪ پێیانوایە پەکەکە چەک دادەنێت یانیش دەڵێن، زۆربەی گەریلاکان چەک دادەنێن. 
 
هەروەها 45٪ پێیانوایە پەکەکە چەک دانانێت یانیش دەڵێن، بەشێکی کەمیان چەک دادەنێن. 9٪شیان هیچ بیرۆکەیەکیان لەمبارەیەوە نییە. 
 
رێژەی 42٪ـی ئەو تورکانەی بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە پێیانوایە پەکەکە چەک دادەنێت، 51٪یشیان دەڵێن چەک دانانێت.
 
هەروەها 63٪ـی کورد پێیوایە پەکەکە چەک دادەنێت و 23٪شیان دەڵێن چەک دانانێت.
 
"ئایا پرۆسەکە بۆ چی و کام لایەن باشە؟" یەکێکی دیکە بوو لە پرسیارەکانی راپرسییەکەی راوەست.
 
60٪ پێیانوایە پرۆسەکە بۆ ئاسایشی تورکیا باشە و 26٪یش دەڵێن زیان بە ئاسایشی وڵاتەکە دەگەیەنێت. 14٪ش بێلایەنن.
 
پرۆسەکە بۆ نەتەوەی تورک و کورد
 
هەروەها 58٪ پێیانوایە پرۆسەکە بۆ تورک باشە، 23٪ پێچەوانەکەی بە راست دەزانن و 19٪ش لەم بابەتەدا بێلایەنن. هەروەها 61٪ پێیانوایە پرۆسەی چارەسەری سوودی بۆ کورد هەیە و 16٪ش دەڵێن بۆ کورد خراپە. 23٪ش بێلایەنن.
 
پرۆسەکە بۆ ئاکپارتی و دەم پارتی
 
لە راپرسییەکەدا 60٪ـی بەشداربووان پێیانوایە پرۆسەی چارەسەری لە بەرژەوەندیی ئاکپارتییە و 22٪ـش دەڵێن، ئەو پرۆسەیە لە دژی ئاکپارتییە. 18٪شیان هیچ بیرۆکەیەکیان نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە