ناوی لیژنەکەی پەرلەمان بۆ پرۆسەی چارەسەری دیاریکرا

05-08-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر ناڕەزایی و پێشنیازی دەم پارتی و بەشێک لە لایەنەکان، لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە 'تورکیای بێ تیرۆر'ــەوە گۆڕدرا بۆ 'لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'.
 
یەکەمین کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەی لەلایەن پارت و فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 5-8-2025 دەستیپێکرا.
 
هەروەک بەرنامەی بۆ دانرابوو، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە یەکلایی کردنەوەوەی ناوی ئەو لیژنەیە بوو. 
 
سەرەتا حکومەت ناوی 'تورکیای بێ تیرۆر'ی لە لیژنەکە نابوو، بەڵام ئەمە ناڕەزایی بەشێک لە پارت و لایەنەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، لە پێش هەمووشیان دەم پارتی.
 
دوای گفتوگۆ و گەیاندنی ناڕەزاییەکان لەمبارەیەوە، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ناوی لیژنەکەی بۆ 'لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی' گۆڕی. 
 
سەبارەت بە ناوی لیژنەکە، دەم پارتی بە هەموو شێوەیەک ''تورکیای بێ تیرۆر''ی رەتکردەوە.
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی، رۆژی دووشەممە، میوانی بووڵتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی، ئاشتی و دیموکراسی'' بۆ ناوی لیژنەکە پێشنیاز دەکەن.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە دوایین پەیامیدا کە رۆژی دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، ناوی ''یەکێتیی نیشتمانی و هاوپشتی'' بۆ لیژنەکە بەکارهێناوە.
 
هەروەها عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا هاوشێوەی دەم پارتی ناوی ''تورکیای بێ تیرۆر''بۆ لیژنەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ''دەستەواژەیەکی نەرێنییە و ئێمە بە باشی دەزانین پرۆسەکە بە ناوی ئەرێنییەوە بەڕێوەبچێت''.
 
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، جەختی لەوە کردەوە کە وشەکانی ''دیموکراسی و دادپەروەری'' لە ناوی لیژنەکەدا هەبن.
 
پێکهێنانی ئەو لیژنەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری، لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بوو.
 
بڕیار بوو لیژنەکە 51 ئەندامی هەبێت، بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی ئیی پارتی کە 3 ئەندامی بەرکەوتبوو، ژمارەی ئەندامەکان بووە 48 کەس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە