رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە یەکەمین رۆژی کۆبوونەوەی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان، داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد.
یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 5-8-2025 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو.
سەرەتا نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و دواتریش نوێنەری لایەنەکان پێشنیاز و داواکاریی خۆیانیان لەبارەی پرۆسەکە خستەڕوو.
مەراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە ئەندامی لیژنەکەیە رایگەیاند، ئەو لیژنەیە چارەسەری هەموو گرفتەکانی بۆ ناکرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە رێگەی چارەسەریدا وەکو یەکەمین دوگمەی کراسێک وایە.
بێشتاش لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و هەنگاوەکانی گوتی، "دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا ساڵی 2014 بڕیاری لەسەر دۆسیەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دا. جێبەجێکردنی مافی هیوا، هاوکات جێبەجێکردنی یاسا لەم بابەتەدا زۆر پێویستە".
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری تەنیا بۆ گەلی کورد نییە و بەڵکو هۆکارێکە بۆ ئەوەی کرێکاران، ژنان، گەنجان، عەلەوییەکان، کۆچبەران و تەواوی ئەوانەی جیاکارییان لەگەڵدا دەکرێت، بە مافی خۆیان بگەن.
مەراڵ دانش بێشتاش گوتیشی، "ئێمە لەپێناوی بەدیهێنانی دادپەروەری ئامادەین ببینە بەشێکی چالاکی ئەم پرۆسەیە. بە هەموو رەنج و توانامانەوە ئەمە بەڕێوەدەبەین. ئەم لیژنەیە تەنیا پلاتفۆرمێکی دیالۆگ نییە، هیوادارین ببێتە زەمینەیەک بۆ هەنگاونان لە بابەتی چارەسەرکردندا".
بڕیار بوو لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکبێت، بەڵام بەهۆی کشانەوەی ئیی پارتی کە 3 ئەندامی بۆ دانرابوو، ژمارەی ئەندامەکانی بووە 48 کەس.
ئەو لیژنەیە ناوەکەی لە 'تورکیای بێ تیرۆر'ــەوە گۆڕدرا بۆ 'لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ