رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هەڵبژاردەنەکانی تورکیا لەسەر سکاڵای پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە کۆدەبێتەوە، کە لە دژی بڕیاری راگرتنی کۆنگرەکانی چەند شارۆچکەیەکی ئەو پارتە لە ئیستەنبووڵ لەلایەن دەستەکانی هەڵبژاردنی قەزاکانەوە درابوون.
دەستەکە کاژێر 14:30 خولەکی ئەمڕۆ هەینی پێنجی ئەیلوولی 2025 کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو داواکارییەی جەهەپە دەکات.
جەهەپە پێیوایە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکانی شارۆچکەکانی سارییەر، توزلا، باکرکۆی، باشاکشەهیر و ئاتاشەهیر لەلایەن دەستەکانی هەڵبژاردنی ئەو شارۆچکانەوە بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای 45ـی بنەڕەتیی ماف، "نایاساییە".
جەهەپە لەو سکاڵایەی رۆژی پێنجشەممە چواری ئەیلولی 2025 پێشکەشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی کردووە رایگەیاندووە، بڕیاری رێکاری خۆپارێزیی دادگای 45ـی بنەڕەتیی ماف لە ئیستەنبووڵ کە لە دوو ـی ئەیلوولی 2025 دەرچووە، "زەوتکردنی ئەرکێکە کە لە رووی یاسایی و کردەییەوە جێبەجێکردنی ئەستەمە."
لە سکاڵاکەی جەهەپەدا هاتووە، هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکان لەلایەن دەستەکانی هەڵبژاردنی ئەو شارۆچکانە بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگا، "تەواو نایاساییە".
جەهەپە رایگەیاندووە، بەپێی ماددەی 79ـی دەستوور، هەڵبژاردنەکان تەنیا لەژێر سەرپەرشتیی دەستەکانی هەڵبژاردندا بەڕێوەدەچن و داوا دەکات دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەسەڵاتی بەکاربهێنێت و بڕیاری دەستەکانی هەڵبژاردنی ئەو شارۆچکانە هەڵبوەشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ