رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بۆ رێگری لە گرانبوونی کرێی خانوو لە ئیستەنبووڵ، خانووی کۆمەڵایەتی بۆ کرێ دروست دەکەن و ئیدی وەکو دەوڵەت خانووی کرێ دەدەنە هاووڵاتییان.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2025 لە رێوڕەسمی کردنەوەی بەکۆمەڵ و دانانی بەردی بناخەی ژمارەیەک پڕۆژە لە ناوچەی سوڵتانبەیلی لە ئیستەنبووڵ، گوتارێکی پێشکێش کرد.
ئەردۆغان رایگەیاند، "بۆ رێگریی لە کرێی گران لە ئیستەنبووڵ، بۆ یەکەمجار خانووی کۆمەڵایەتی بۆ کرێ دروست دەکەین."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە پڕۆژەکانی "سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی بەکۆمەڵ-تۆکی" دا، کە دامەزراوەیەکە سەر بە وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای کۆماری تورکیایە و یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی بۆ هاووڵاتییانی داهات کەم و مامناوەند دروست دەکات.
ئەردۆغان گوتی، "تۆکی، کە تاوەکو ئەمڕۆ ملیۆنێک و 740 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی دروست کردووە، پڕۆژەی نیشتەجێبوونی سەدە جێبەجێ دەکات. لە 81 پارێزگادا دەست دەکەین بە دروستکردنی 500 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی. بۆ رێگریک لە کرێی گران لە ئیستەنبووڵ، بۆ یەکەمجار خانووی کۆمەڵایەتی بۆ کرێ دروست دەکەین. ئیدی وەکو دەوڵەت ئێمە خانووی کرێ دەدەینە هاووڵاتییانمان. لە رۆژانی داهاتوودا وردەکارییەکان بڵاودەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ