رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، گرنگە پرۆسەی چارەسەری تایبەت بە پرسی کورد لە وڵاتەکەی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت پەکەکە، یەپەگە، پەیەدە و هەسەدە کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن و بێ مەرج چەکەکانیان رادەست بکەن.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە رێوڕەسمێکی بەخشینی مەدالیای سەربازی، کە رۆژی سێشەممە 06-01-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە پرۆسەی چارەسەری و چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.
گولەر گوتی، پرۆسەی چارەسەری بە سەرکردایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەستیپێکرد و رایگەیاند، "ئێمە راستگۆیانە ئارەزوو دەکەین ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێ. بەڵام لەم پێناوەدا دەبێت پەکەکە و تەواوی باڵەکانی لە چوارچێوەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، لە سووریا و تەواوی ناوچەکانی دیکەدا، چی زووە کۆتایی بە هەموو چالاکییە تیرۆریستییەکانیان بهێنن و بێمەرج چەکەکانیان رادەست بکەن."
وەزیری بەرگریی تورکیا هەروەها گوتی، "دەمەوێت جارێکی دیکە ئەمە بیر بهێنمەوە کە رێگەنادەین هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا رەگ داکوتێ، لە سەرووی هەموویانەوە پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و هەسەدە."
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە.
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا، لە پێنجی ئابی 2025دا دەستبەکار بوو.
کۆمیسیۆنەکە لە 19 کۆبوونەوەدا گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت. ئیدی قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە بوو.
ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی دەهات، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنەکە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەم ئامادە نابێت، کۆمیسیۆنەکە رۆژی 24 ـی کانوونی یەکەمی 2025 بۆ 20ـەمین جار کۆبووەوە. بە دەنگدان بڕیاردرا ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە لە قۆناخی نووسینی راپۆرتدا بۆ دوو مانگ درێژ بکرێتەوە.
دەقی قسەکانی یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا:
پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بە سەرکردایەتیی بەڕێز سەرۆککۆمارمان دەستی پێکراوە. ئێمە راستگۆیانە ئارەزوو دەکەین ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت. بەڵام لەم پێناوەدا دەبێت پەکەکە و تەواوی باڵەکانی لە چوارچێوەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوە، لە سووریا و تەواوی ناوچەکانی دیکەدا، چی زووە کۆتایی بە هەموو چالاکییە تیرۆریستییەکانیان بهێنن و بێمەرج چەکەکانیان رادەست بکەن. دەمەوێ جارێکی دیکە ئەمە بیر بخەمەوە کە رێگەنادەین هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا رەگ داکوتێ، لە سەرووی هەموویانەوە پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و هەسەدە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ