رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستپێشخەریی مامۆستایانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا، دەڵێ "50 مامۆستا کە بۆ گوتنەوەی زمانی کوردی دامەزرابوون، پیشەکەیان گۆڕیوە.''
ئەمین ئای، گوتەبێژی دەستپێشخەریی مامۆستایانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، رایگەیاند "ئەم ساڵ وانەی بژاردە لەکاتێک دا دەستیپێکرد، کە هێشتا قوتابییان لەنێو پرۆسەی خوێندندا بوون، ئەمەش کارێکی باشە، چونکە ساڵانی رابردوو، چەند رۆژێکی ناوتۆمارکردن دەکەوتە نێو پشووی خوێندن."
لەبارەی ئامادەکارییەکان و بانگەشەکردن بۆ وانەی بژاردە، ئەمین ئای گوتی "بۆ ئەم ساڵ خراپە، چونکە ناتوانین بڕۆینە هەموو شوێنێک و تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشە دەکەین."
هەر لەبارەی هۆکارەکانی خراپیی بانگەشەکە، گوتەبێژەکەی دەستپێشخەریی مامۆستایانی کورد گوتی "هەندێ بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستا، کێشە بۆ قوتابیان و خێزانەکانیان دروست دەکەن؛ فۆڕمی وانەکان پێویستە بە قوتابیان بدرێن و هەموو وانەکانیان تێدا نووسرابێت، بەڵام هەندێ بەڕێوەبەر و مامۆستا، کورمانجی و کورمانجکی (زازاکی) نانووسن."
گوتەبێژی دەستپێشخەریی مامۆستایانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا ئاشکرای دەکات، داواکاریی لەسەر وانەی بژاردەی کوردی ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت، "لە ساڵی یەکەمی هەڵمەتەکەمان دا کە 2022 بوو، 26 هەزار قوتابی وانەی بژاردەی کوردییان هەڵبژارد، ساڵی رابردوو ئەو ژمارەیە گەیشتە 32 هەزار."
دەشڵێ "زۆر خێزان هەن کە حەزدەکەن منداڵەکانیان بە کوردی بخوێنن، بەڵام لە چەندین قوتابخانە بیانوو دروستدەکرێن بۆ ئەوەی قوتابیان وانەی کوردی هەڵنەبژێرن."
لە ساڵی 2012ـەوە، تورکیا رێگەی بە وانەی بژاردە داوە و قوتابیان دەتوانن لە قوتابخانەکان دا بە ئارەزووی خۆیان ئەو وانەی حەزیان لێیەتی، هەڵبژێرن. بۆ وانەی زمانی کوردی، تورکیا مامۆستای تایبەت بە زمانی کوردی دامەزراندووە، بەڵام گلەیی ئەوە هەیە ژمارەی مامۆستایانی کوردی کەمە.
لەمبارەیەوە ئەمین ئای گوتی، "هەتا ئێستا 160 مامۆستای زمانی کوردی دامەزراون، بەڵام دوای دامەزراندنیان 50 مامۆستا پیشەکەیان گۆڕیوە و ئێستا تەنیا 110 مامۆستای کوردی هەن."
رۆژی 3ـی شوباتی 2025، ناوتۆمارکردن بۆ وانەی بژاردە لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکردووە و تاوەکو 17ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، کە قوتابیانی پۆلەکانی 5-6-7 و 8، دەتوانن وانەی بژاردەی خۆیان هەڵبژێرن و لەگەڵ بابەتەکانی دیکە بە ئارەزوومەندانە بیخوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ