تورکیا
کەسکین بایندر، 16-2-2025 لەدوای کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی لەگەڵ سەرۆک بارزانی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، وێنە: رووداو
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) کە یەکێک لە ئەندامانی شاندی ئیمراڵییە، بە پێویستی دەزانێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت.
چاوەکان لەسەر هەنگاوی داهاتووی ئەو پرۆسەیەن کە تاوەکو ئێستا هیچ ناوێکی فەرمیی نییە و جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکاتەوە.
کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی دەبەپە رایگەیاند، رۆژەکانی 8ـی مارس و نەورۆزیان لەبەردەمە، کە بەراورد بە ساڵانی پێشوو ئەو دوو یادە جیاواز دەبن، گوتیشی: "ئەم نەورۆزە، دەبێتە نەورۆزی دیموکراسی، ئاشتی و ئازادی. پێمانوایە نەورۆزی 2025 نەورۆزێک دەبێت، تێیدا چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، کوردستان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان و ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان و پرسی ئاشتی لە تورکیا تاوتوێ دەکرێن."
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی هەروەها رایگەیاند، دەیان ملیۆن کەس ویستی خۆیان لە مەیدانەکان نیشاندەدەن و هەست بە بەرپرسیاریێتی دەکەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی بە ئاکتۆرێکی سەرەکیی پرۆسەکە وەسفکرد و گوتی "بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە، پێویستە هەلومەرجەکانی ئازادکردنی بەڕێز ئۆجەلان بەدی بهێنرێن. هاوکات پێویستە زەمینەیەک بۆ بەڕێز ئۆجەلان بڕەخسێندرێت هەتاوەکو بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و کۆمەڵگە دروست بکات. بەڕێز ئۆجەلان کە یەکێک لە مسۆگەرکار و دڵنیاییبەخشەکانە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بێ تێکچوون و وەکو خۆی بەڕێوەبچێت، بۆیە گرنگە رۆڵی کارای هەبێت."
چی روویدابوو؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 01-10-2024 لەکاتی دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی پەرلەمان، چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و هیوای خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد.
ئەو شاندە سێ جار سەردانی ئیمراڵی کردووە و لەگەڵ بەشێکی زۆر لە پارت و کەسایەتییەکان کۆبووەتەوە. هەروەها سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و پەیامی ئۆجەلانی بە بەرپرسانی باڵا گەیاند.
پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخێک کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رەزامەندیی نیشانداوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەو مەرجەی ئۆجەلان سەرپەرشتیی هەڵوەشاندنەوەکە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ