دوای هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان لە رووها و مەڕەش 83 کەس دەستبەسەر کران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە رووها و قوتابخانەیەکی ناوەندی لە مەڕەشـی باکووری کوردستان، 940 ئەکاونتی سۆشیاڵمیدیا داخران و 83 کەسیش دەستبەسەر کران.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026 لەبارەی هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان لە پارێزگاکانی رووها و مەڕەشـی باکووری کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای هێرشەکان، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتەبەر کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆستیان کردووە و ''ستایشی تاوان و تاوانکار''یان کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش رایگەیاند، بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ 83 کەس دەرکراوە و رێکاری یاساییان لە بەرامبەر گیراوەتەبەر، لەسەر ئەو پۆستانەی کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر سیستمی گشتی هەبووە.
 
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، رێگری لە کردنەوەی 940 ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کراوە. 
 
رۆژی سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، لە شارۆچکەی سوێرەگ سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان هێرشکارێکی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی (عومەر کەت) کە پێشتر لە ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکیی ئەنادۆڵی ئەحمەد کۆیونجو قوتابی بوو، هێرشی کردە سەر قوتابخانەکە و بە ‌هەڕەمەکی دەستڕێژی گوللـەی لە قوتابی و مامۆستایانی قوتابخانەکە کرد و دواتر خۆی کوشت. 
 
لە ئەنجامی تەقەکردنەکە 16 کەس بریندار بوون کە چوار مامۆستا، 10 قوتابی، کارمەندێكی قوتابخانەکە و پۆلیسێک بوون. 
 
دوای رووداوەکە خوێندن لە قوتابخانەکە بۆ 4 رۆژ راگیرا، هەروەها دوو بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و دوو بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سوێرەگ لە کارەکانیان دوورخرانەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 15 ـی نیسانیش رووداوێکی هاوشێوە لە پارێزگای مەڕەش روویدا. 
 
قوتابییەکی پۆلی هەشتی قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەل چاڵک بە ناوی عیسا ئاراس مەرسینلی، تەمەن 14 ساڵ، بە پێنج چەک و حەوت فیشەکدانی پڕەوە چووە نێو دوو پۆلی قوتابییانی پۆلی پێنج و دەستڕێژی لێکردن.
 
لە هێرشەکەدا مامۆستایەک و هەشت قوتابی کوژران و 20 کەسی دیکەش برینداربوون، کە تەندروستیی سێ کەسیان ناجێگیربوو.
 
شەوی چوارشەممە 15ـی نیسان کەمال مەمیشئۆغڵو وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، 11 بریندار دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و چارەسەرکردنی نۆ برینداریش لە نەخۆشخانە بەردەوامە. 
 
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی هێرشەکەوە گەیشتە 10 کەس.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی

سرری ساکک بۆ رووداو: داوامان لە دەوڵەتی تورکیا کردووە ئەنفال بە جینۆساید بناسێنێت

سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیازەیاسایەکی پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا کردووە و داوادەکات شاڵاوی (ئەنفال)ی کوردی باشووری کوردستان بە جینۆساید بناسێنێت. ساکک کۆپییەکی پێشنیازەیاساکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد.