رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا دەست بە قۆناخی تاقیکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی ئەتۆمیی ئاککویو دەکەن، کە یەکەمین وێستگەی ئەتۆمییە لەو وڵاتەدا.
بەپێی پلانی وەزارەتەکە، بڕیارە قۆناخی تاقیکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکە، کە دەکەوێتە شاری مێرسین لە باشووری تورکیا، لە ئەیلوولی 2026 دەستپێبکات و بۆ ماوەی 9 مانگ بەردەوام بێت. ئەم پرۆسەیەش لەژێر چاودێریی تیمێک لە شارەزایانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی رووسیا بەڕێوەدەچێت.
وێستگەی ئەتۆمیی ئاککویو لە چوار یەکە پێکدێت، توانای بەرهەمهێنانی هەر یەکەیەکیان 1200 مێگاواتە، بە کۆی گشتی دەکاتە 4800 مێگاوات کارەبا. پڕۆژەکە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی نێوان تورکیا و رووسیا کە لە ساڵی 2010 واژۆ کراوە، لەلایەن کۆمپانیای "رووساتۆم"ی رووسییەوە جێبەجێ دەکرێت.
سەرەتا بڕیار وابوو یەکەم یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ساڵی 2023 و هاوکات لەگەڵ سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بکەوێتە گەڕ، بەڵام تەواوکردنی پڕۆژەکە چەند جارێک دواخرا؛ سەرەتا بەهۆی کێشەی دارایی و دواتر بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا.
دوای چارەسەرکردنی ئاستەنگە داراییەکان، ئامادەکارییەکان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی بۆ ئەوەی تاوەکو مانگی ئەیلوول یەکەم یەکەی وێستگەکە ئامادەی بەکارخستن بێت.
بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات، رووسیا بۆ ماوەی 60 ساڵ مافی بەڕێوەبردنی ئەم وێستگە ئەتۆمییەی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ