رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای تورکیا، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە ئەو ئاگربەستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاندووە، سەرلێشێوان دروست دەکات و ئەوان دەبێت بە بێ مەرج، چەک دابنێن.
میدیای تورکیا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 6-3-2025) پشتئەستوور بە سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردووەتەوە؛ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، کۆبوونەتەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو ئاگربەستە کردووە، کە پەکەکە رایگەیاندووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا جەختیکردووەتەوە، رۆژی 27ـی شوبات، بانگەوازێک بۆ پەکەکە کراوە بۆ ئەوەی چەک دابنێت و خۆی هەڵبووەشێنێتەوە.
راشیگەیاندووە لە بانگەوازەکەدا، باس لەوە کراوە پەکەکە تەمەنی بەسەرچووە و بەمشێوەیە ناگاتە هیچ شوێنێک و چارەیەکی دیکەی نەماوە.
بەرگریی تورکیا هەروەها جەختیکردووەتەوە، ئەگەر پەکەکە ئەمە لەبەرچاو بگرێت و جێبەجێی بکات، زۆر باشترە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، لە دەقی بانگەوازەکەدا کە مەبەستی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، باسی ئاگربەست نەکراوە، بەڵکو پەکەکە دەبێت بە بێ مەرج چەک دابنێت و خۆی هەڵبووەشێنێتەوە.
چی روویدابوو؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 01-10-2024 لەکاتی دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی پەرلەمان، چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیداربکەن.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد.
ئەو شاندە، سێ جار سەردانی ئیمراڵیی کردووە و لەگەڵ بەشێکی زۆری پارت و کەسایەتییەکان کۆبووەتەوە. هەروەها سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و پەیامی ئۆجەلانی بە بەرپرسانی باڵا گەیاند.
پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخێک کە پەکەکە رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر ئەوەی خۆی هەڵبووەشێنێتەوە، بەو مەرجەی ئۆجەلان سەرپەرشتیی هەڵوەشاندنەوەکە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ