رووداو دیجیتاڵ
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بازاڕی وزەی جیهانیی رووبەڕووی شۆکێکی گەورە کردووەتەوە؛ شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر نرخی نەوت بگاتە 100 دۆلار، تورکیا ناچار دەبێت 10 ملیار دۆلاری زیادە بۆ باجی وزە خەرج بکات.
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز، کە 20٪ی بازرگانیی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، نیگەرانییەکان لەبارەی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی وزە زیادبووە. ئێستا سیناریۆی گەیشتنی نرخی نەوتی برێنت بۆ 100 دۆلار و نەوتی خاوی ئەمریکا بۆ 90 دۆلار لە ئارادایە، ئەمەش بۆ ئابووریی تورکیا کە ساڵانە زیاتر لە 60 ملیار دۆلار بۆ هاوردەی وزە خەرج دەکات، هەڕەشەیەکی جدییە.
زیانی 10 ملیار دۆلاری بۆ تورکیا
تورکیا ساڵانە نزیکەی 250 ملیۆن بەرمیل نەوت هاوردە دەکات. بەگوێرەی شیکارییە ئابوورییەکان، تەنیا بەرزبوونەوەی نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە بڕی 20 دۆلار (لە 80 دۆلارەوە بۆ 100 دۆلار)، ساڵانە 5 ملیار دۆلار باری دارایی تورکیا قورستر دەکات. ئەگەر ئەمە لەگەڵ گرانبوونی نرخی گازدا هەژمار بکرێت، تێچووی زیادەی سەر بودجەی تورکیا دەگاتە 10 ملیار دۆلار.
گرژییەکان کاریگەریی خێرایان لەسەر بازاڕی گازیش هەبووە. دوای ئەوەی قەتەر بەرهەمهێنانی گازی شلی (LNG) لە دوو وێستگەی گەورە راگرت، نرخی گاز لە ئەورووپا 54٪ بەرزبووەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئێران نزیکەی 16٪ی گازی سرووشتیی تورکیا دابین دەکات و هەر پچڕانێک لەو هێڵەدا، کورتهێنانی گەورە لە ئاسایشی وزەی تورکیادا دروست دەکات.
شەرەف ئۆغوز، ئابووریناس ئاماژەی بەوەدا، تورکیا 500 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئێران هەیە و قەبارەی بازرگانیی نێوانیان دەگاتە 10 ملیار دۆلار و دەڵێت: "ئابووریی تورکیا بە هەر مووشەکێک کە لە ناوچەکە دەتەقێندرێت، زیانی بەردەکەوێت." هەروەها ئاماژە بە مەترسیی باجی 25٪ی گومرگیی ترەمپ دەکات بۆ سەر ئەو وڵاتانەی بازرگانی لەگەڵ تاران دەکەن، کە ئەنقەرە دەکاتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە، پڕۆفیسۆر حەسەن کۆنی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت هەرچەندە تورکیا دوای ساڵی 2019 و بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە هاوردەی نەوتی لە ئێرانەوە بۆ نزیکەی سفر کەمکردووەتەوە و پشت بە رووسیا و عێراق دەبەستێت، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت کاریگەریی ناڕاستەوخۆ و تووندی لەسەر هەڵاوسان و بودجەی تورکیا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ