رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لە وڵاتێکدا دەژین ئەوەی مایک و کامێرا بەدەستەوە بگرێ، خۆی بە رۆژنامەڤان دەزانێت.
لە پرۆگرامی دەیەمین خەڵاتەکانی ئەنادۆڵ بۆ میدیا کە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان هەڵوەستەی لەسەر بابەتی ئازادیی میدیا کرد و گوتی، بە هیچ شێوەیەک سازش و لێبووردنیان بۆ ئەو دەزگا میدیاییانە نابێت کە هەواڵی نادروست بڵاودەکەنەوە و "گێرەشێوێنی دروست دەکەن".
ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە بەشێکی میدیای ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی میدیای پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست و هاندانی خەڵک تۆمەتباری کردن.
چەند ساڵێکە پرۆگرامی "رێپۆرتاژی شەقام" زۆر بڵاوە و خەڵک لە شەقامە سەرەکی و قەرەباڵخەکاندا بۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو.
ئەردۆغان گوتی:"لە وڵاتێکدا دەژین، ئەوەی مایک و کامێرا بە دەستەوە دەگرێ، خۆی بە رۆژنامەڤان و پەیامنێر دەزانێت. هەروەک لە چەند رۆژی رابردوودا گەواهیدەری بووین، دەبینین کەسانێک بە ناوی رێپۆرتاژی شەقام، لەو شەقامانەدا تیرۆر بڵاودەکەنەوە، بە جۆرێک هەر کەسێک مایکەکە وەردەگرێت، بوێریی سووکایەتیکردن بە خەڵک لە خۆی دەبینێت. بەرپرسیاریێتیی بڵاوکردنەوە لە لایەک دادەنێین. ژمارەی ئەو کەسانەی سەیری ئەوانە دەکەن لە پەنجەی دەست تێناپەڕێت".
ئەردۆغان دەڵێت، ئەو ئازادییە میدیایەی لە تورکیادا هەیە لە وڵاتانی ئەورووپادا نییە و لەوێ رێگە بە رۆژنامەڤان نادرێت بەو جۆرە بنووسن.
ئەم گوتانەی سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتێکدان، بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دەڵێت، دەسەڵاتی ئێستای تورکیا سنووری میدیای بەرتەسک کردووەتەوە و رۆژنامەڤانان لە تورکیا لە مەترسیدا کاردەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ