کوڕەکەی گەرگەرلیئۆغڵو ئازادکرا

06-07-2021
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو شەش کەسە ئازادکران کە بۆ ئازادکردنی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپە رۆژی دووشەممە لە بەردەم گرتووخانەی سینجانی ئەنقەرە لە میانی خۆپێشاندانێکدا دەستگیرکران، دوای ئەوەی وتەیان لێوەرگیرا، ئازادکران.
 
نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 5ی تەمموزی 2021 تیمەکانی پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر ئەو خۆپێشاندەرانەی بەردەم گرتووخانەی سینجانی ئەنقەرە کە داوای ئازادکردنی گەرگەرلیئۆغڵویان دەکرد و هەریەک لە ساڵح گەرگەرلیئۆغڵو، کوڕی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، نازم فایەق، کامێرامانی ئارتی تیڤی و چەند بەرپرسێكی هەدەپەیان دەستبەسەرکرد.  
 
دوای وەرگرتنی گوتەکانیان شەوی رابردوو دەستبەسەرکراوەکان ئازادکران. 
 
ساڵح گەرگەرلیئۆغڵو، کوڕی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو رایگەیاند، درێژە بە چالاکیی ناڕەزایی خۆیان دەدەن.
 
هەرچەندە دادگەی دەستووریی تورکیا بە فەرمی رایگەیاندووە، عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو پێشێلکاریی بەرامبەر ئەنجامدراوە، بەڵام هێشتا ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە لە گرتووخانەدایە.
 
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ تیرۆری درایە پاڵ و بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا، رۆژی چوارشەممە 17ـی ئاداری 2021 لە پەرلەمانی تورکیا مافی پەرلەمانتاری لێ وەرگیرایەوە.
 
دوای بڕیارەکە گەرگەرلیئۆغڵو، باڵەخانەی پەرلەمانی جێنەهێشت و لە هۆڵی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان مایەوە. لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماری و بە پاساوی کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێی لێکۆڵینەوە کاژێر 6:30 خولەکی 21ی ئادار لە پەرلەمان دەستبەسەر کرا و هەمان رۆژ دوای ئەوەی گوتەی لێوەرگیرا، ئازاد کرا. دواتر لە 2ـی نیسانی 2021 دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە. 
 
گەرگەرلیئۆغڵو کە لە هەمانکاتدا داکۆکیکاری سەرسەختی مافی مرۆڤە و 14ـەمین پەرلەمانتاری هەدەپەیە کە پارێزبەندی لێوەردەگیرێتەوە، بەردەوام تیشکی دەخستە ئەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە لە میدیاکانی ئەو وڵاتەدا باس نەدەکران. دوایین بابەت کە گەرگەریئۆغڵو لە تورکیا وروژاندی، پرسی رووتکردنەوەی زیندانیان بوو بۆ پشکنین. 
    
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە