رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا راگەیاند، "کۆتری ئاشتی بە یەک باڵ نافڕێت"، وەک ئاماژەیەک بۆ حکومەتی تورکیا کە پێویستە لە بەرامبەر چەکدانانی پەکەکە دا، ئەویش هەنگاو بنێت.
سزایی تەمەللی، لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، داوای کرد گەرەنتییەکی یاسایی هەبێت، بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە چەک دادەنێن و گوتی: "پرسیار ئەوەیە، ئەو کەسەی چەک دادەنێت چی بەسەر دێت؟ دەبێت دەستبەجێ لیژنەیەک لە پەرلەمان پێکبهێندرێت".
لەبارەی ناوی لیژنەکەوە، تەمەللی گوتی، ئەوان ناوی "لیژنەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"یان پێشنیاز کردووە، بەڵام ئامادەن لەسەر ناوێک رێکبکەون، کە ئاشتی بەبیر مرۆڤ بهێنێتەوە.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا جەختی لە گرنگیی رۆڵی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری، بەتایبەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: "پرۆسەی ئاشتی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ سەزای تەمەللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی:
رووداو: وەک دەزانن، پرۆسەی چارەسەری ئیدی دەچێتە قۆناخێکی نوێ، بەتایبەتی ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا گرووپێک لە گەریلاکان لە هەرێمی کوردستان چەک دابنێن. چ پێشهاتێک لە پڕۆسەکەدا روودەدات؟ ئێوە چاوەڕوانن لەلایەن حکومەتەوە چ هەنگاوێک بنرێت؟
سەزایی تەمەللی: بەڵێ، زۆر باس لە قۆناخێکی نوێی پرۆسەکە کراوە، بەتایبەتی لە هەفتەی رابردوودا. دوای پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان لە 27ی شوبات، دوای ئەو هەنگاوە مێژووییە، سەرنجی تورکیاش وەک تەواوی جیهان بە بە تەواوی چووە سەر ئەم پرسە. شرۆڤەی زۆر کران کە چی روودەدات و بزووتنەوەکە (پەکەکە) چ کاردانەوەیەکی دەبێت. دواتر لە 12ی ئایاردا، پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆی دا. دوای ئەوەش قۆناخێکی چاوەڕوانی دەستیپێکرد، ئەمجارەیان لە تورکیا ئەو مشتومڕە دروستبوو کە 'ئایا پەکەکە ئەم بڕیارەی دا، بەڵام چەک دادەنرێت یان نا؟'. ئێستاش لە دوایین لێدوانی پەکەکە و لێدوانی شوێنەکانی دیکەوە تێدەگەین کە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا شتێک وەک رێوڕەسمێکی چەکدانان دەبێت، هەرچەندە هێشتا ناتوانین بە روونی ناوی بنێین، چونکە زانیاریی روون نییە، بەڵام چەکدانانێک روودەدات. بێگومان ئەوەش قۆناخێکی زۆر گرنگە.
راستییەکەی هەم 27ی شوبات، هەم 12ی ئایار و هەمیش ئەو گۆڕانکارییەی لە رۆژانی داهاتوودا پێشبینی دەکرێت، هەنگاوی گەورە و کاریگەر دەبن، بەڵام مشتومڕێکی گرنگ لە تورکیا هەبوو، بیرتان دێت: 'کۆتری ئاشتی بە باڵێک نافڕێت'. باڵێکیان هەنگاوی زۆر کاریگەر دەنێت، مێژوو دەگۆڕێت، لێدوانی زۆر گرنگ دەدات، بەڵام دەبێت باڵەکەی دیکەش بجووڵێت. وەڵامی پرسیارەکەی ئێوە بە تەواوی لێرەدا شاراوەیە. ئێستا لە بەرامبەر هەموو ئەم هەنگاوانەدا، ئیدی دەبێت لە سیاسەتی تورکیا، لە حکومەت، لە دەوڵەت و لە تەواوی سیاسەتدا جووڵەیەک دروست بێت تاوەکو ئەم کۆترە ئاشتییە بە باڵی دووەمییەوە بکەوێتە جووڵە و ئیدی بتوانێت بفڕێت.
ئێمە وەک دەم پارتی بەتایبەتی چاوەڕێی چەند هەنگاوێکین. پێویستیی سیاسەتی دیموکراسیش ئەوەیە کە ئەم هەنگاوانە بنرێن. یەکێکیان دامەزراندنی لیژنەیە. دەبێت لیژنە دابمەزرێت و دەست بەکاربێت و بەتایبەتی گەرەنتیی یاسایی، بناخەی یاسایی و هەموو هەموارکردنەوە یاساییە پێویستەکان بە دەستی ئەم لیژنەیە لەم بابەتەدا جێبەجێ بکرێن. سەیر بکەن؛ با چەک دابنرێت. بەڵێ، باشە با دابنرێت. بەڵام چی بەسەر ئەو کەسە دێت کە چەک دادەنێت؟ سیاسەت وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. ئەوەی پێداویستییەکانی وەڵامی ئەم پرسیارە جێبەجێ دەکات، ئەم لیژنەیەیە، پەرلەمانە، حکومەت و دەوڵەتە. بۆیە پرسەکە تەنیا بە چەکدانان چارەسەر نابێت. ئەوە لایەنێکی کارەکەیە، راستە. بەڵام دواتر چی دەبێت؟ بابەتی 'دواتر چی دەبێت' تاوەکو ئەمڕۆ پشتگوێ خراوە، دواکەوتووە. هیوادارین دوای ئەم هەنگاوەی چەکدانان، ئەم دواکەوتنە قەرەبوو بکرێتەوە و پرۆسەکە خێراتر بێت. دەبێت دەستبەجێ لیژنە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکان پێکبهێندرێت و دەست بە کارەکانی بکات. ئیدی کەس ئارامی بۆ ئەم دواکەوتنانە نەماوە و کەس نایەوێت چاوەڕێ بکات. شتێکی دیکە، لە بواری سیاسەتی دیموکراسیدا، دەکرێت هەموارکردنەوەی تایبەت لە بواری دادوەری دا بکرێن. دەزانن پاکێجی 10ی دادوەری مانگی رابردوو لە تورکیا دەرچوو. کەسی رازی نەکرد و هیواکانی بەدینەهێنا. بەڵام وەزارەت گوتی پاکێجەکانی 11 و 12 لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەردەچن. هیوادارین بەم پاکێجە دادوەرییانە، هەم بۆ ئەو کەسانەی چەک دادەنێن، هەم بۆ ئەوانەی لە زیندانەکاندان، هەم بۆ ئەوانەی لە تاراوگەن و هەمیش بۆ هەموو ئەوانەی پرۆسەی شەڕ بە شێوەیەکی نەرێنی کاری تێکردوون، کە ئێمە باس لە خەڵکێکی زۆر دەکەین، هەموو ئەو نەرێنییانەی تاوەکو ئەمڕۆ بە دەستی دادوەری دروستکراون، نەمێنن. ئومێدەوارین تورکیا بە مانای راستی کۆتایی بە شەڕ بهێنێت، بگاتە دەرفەتەکانی بونیادنانی ئاشتی، ئاشتیی کۆمەڵایەتیی بەدەستبهێنێت. ئەمانە هەموویان پێکەوە بەستراون.
رووداو: یەکێک لەو بابەتانەی لەنێو رای گشتیدا زۆرترین پرسیاری لەسەرە، دۆخی ئەو ئەندامانەی پەکەکەیە کە چەک دادەنێن. بەڕای ئێوە، دەبێت چ هەنگاوێک لە رووی یاساییەوە بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەو کەسانە بە کۆمەڵگە بنرێت؟
سەزایی تەمەللی: بەڵێ، تائێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە. پێویستە هاوێشتنی ئەم هەنگاوانە لەلایەن لیژنەکە مسۆگەر بکرێت. تائێستا سیستمێکی یاسایی، سیستمێکی دادوەری و سیستمێکی سیاسی هەیە کە لە سەردەمی شەڕەوە دروستبووە. ئێستا ئەگەر شەڕ کۆتایی بێت و ئاشتی بێتە ئاراوە، دەبێت سیستمی یاسا، سیستمی دادوەری و سیاسەت بەگوێرەی دۆخەکە بگۆڕدرێن. ئەگەرنا، بە تێگەیشتنی یاسایی کۆن، بە سیستمی دادوەریی کۆن، ئەستەمە بتوانین لە رێگەکەمان بەردەوام بین. لەبەرئەوە، دەبێت ئەم لیژنەیە بەتایبەتی لەسەر ئەم بابەتانە بەپەلە کار بکات، چونکە ئەوانەی چەک دادەنێن و کۆتایی بەم خەباتە دەهێنن، لەنێو سیاسەتی دیموکراسیدا درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن، سیاسەت دەکەن، مافی سیاسەتکردنیان و ئازادییە سیاسییەکانیان پێویستی بە هەموارکردنەوە و هەنگاوی نوێی دادوەرییە. بەبێ ئەوانە چۆن دەبێت؟ بێگومان دەبێت وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە بدرێتەوە. ئێستا لە تورکیا وەڵامی ئەم پرسیارانە نییە، چونکە سیاسەتی تورکیا هێشتا لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆی نەکردووە. هیوای ئێمە ئەوەیە، ئەم لیژنەیە ئەم شتانە تاوتوێ بکات. هەزاران کەس لە زیندانەکاندان، سەدان هەزار کەس لە تاراوگەن، زیانلێکەوتنەکانی رابردوو هەن، بابەتی داهاتووی هێزە چەکدارەکان هەیە، واتە چەندین پرسی گرنگ هەن و کاتمان نییە بۆ لەدەستدان. دەبێت لیژنە، حکومەت و پەرلەمان بە بەرپرسیارێتییەکی جیدییەوە بجووڵێنەوە و دەستبەجێ دەست بە کارەکانیان بکەن.
رووداو: زۆر لە بەرپرسانی ئاکپارتی کە قسەمان لەگەڵ کردوون، باسیان لە سەختییەکانی "سیاسەتکردن لەژێر سێبەری چەک"دا کردووە و دەڵێن، ئەوە هۆکار بووە کە هەنگاویان بۆ پرسی کورد نەناوە. چەکدانانی پەکەکە چ ئاسانکارییەک بۆ بواری سیاسیی ئێوە دروست دەکات؟
سەزایی تەمەللی: ئێمە پارتێکین کە لە بواری سیاسەتی دیموکراسیداین و تاوەکو ئەمڕۆ خەباتمان کردووە و هەموو خەباتی ئێمەش بۆ ئاشتی و دیموکراسی بووە. درێژە بەم خەباتەش دەدەین. کاتێک چەک دادەنرێت، نە ئاشتی و نە دیموکراسی لەخۆوە نایەن. بەڵێ، دوای ئەوەی چەک دادەنرێت، دەبێت خەباتێکی زۆر بەهێزتر لە بواری سیاسەتیی دیموکراسیدا بکەین تاوەکو ئەو بێدەنگییەی چەکەکان، ببێتە هۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی. بێگومان تورکیاش ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی. لە سەردەمی شەڕدا، تەنیا سەختی و سێبەری چەک لەسەر ئێمە نەبوو. بەڵکو ئەم گۆڕەپانی شەڕە تەواوی سیاسەتی بە شێوەیەکی جیدی سنووردار کرد. بۆچی؟ چونکە دەسەڵات هەمیشە ئەم بابەتەی دەهێنایە پێشەوە. نەک تەنیا دەسەڵاتی ئەمڕۆ، هەموو دەسەڵاتەکانی پێشووش هەمان شتیان دەکرد. بەردەوام هێنانەگۆڕێی ئەم بابەتە، نەک تەنیا لەپێناو ئاشتی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤدا هیچ باشبوونێکی دروستنەکرد، بەڵکو گەلانی تورکیا و کۆمەڵگەی تورکیا رۆژ دوای رۆژ رووبەڕووی ئەنجامی خراپتر دەبوونەوە. ئەمڕۆ، دەرفەتێک رەخساوە. لەبەرئەوە لێدوانەکەی بەڕێز ئۆجەلان لە 27ی شوباتدا، لەپێناو سیاسەتی دیموکراسیدا هەنگاوێکی زۆر گرنگە. بۆیە، ئەگەر چەکەکان بێدەنگ بن و ئاشتی بەدەست بهێندرێ، ئاشتییەکی هەمیشەیی تەنیا لە کۆمارێکی دیموکراسی دەکرێت. دەبێت ئێمە پێداویستییەکانی ئەوە جێبەجێ بکەین. لەبەرئەوە ئێستا بەرپرسیارێتیی گەورەتر و ئەرکی گرنگتر دەکەوێتە سەر شانی سیاسەتی دیموکراسی. هیوادارم هەموومان پێکەوە ئەمە بەسەرکەوتوویی بکەین.
رووداو: لە رۆژانی رابردوودا ئێوە و گوڵستان کلچ کۆچیغیت، لەگەڵ وەزیری داد و سەرۆکی پەرلەمان چەند کۆبوونەوەیەکتان کرد. لەم کۆبوونەوانەدا باسی چ کرا؟ بەگوێرەی ئەو قۆناخەی پرۆسەکە پێیگەیشتووە، هیچ پەیامێکی نوێتان هەیە کە لە رێگەی ئێمەوە بە رای گشتی رابگەیەنن؟
سەزایی تەمەللی: بەڵێ، کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ وەزیری داد لەسەر ئەو سەپێندراوانەی ئێستا بوون، چونکە کێشەی زۆر جیدی هەن. لەوانە کێشەی زیندانییە نەخۆشەکان. ئازادکردنی زیندانییان دوادەخرێت. کێشەی زۆر جیدی هەن، کە لەلایەن لیژنەکانی چاودێریی زیندانەکانەوە دروستکراون. کاتێک سەیری هەموو ئەمانە دەکەین، دەکرێت هەندێک هەنگاو بنرێن بۆ ئەوەی ئەو ئەنجامە نەرێنیانەی (سەرەوە) نەمێنن. ئەمانە پێویستیان بە یاساش نییە. وەزارەتی داد لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکانیشدا دەتوانێت هەنگاو بنێت. ئێمە بەتایبەتی لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کرد. بێگومان کۆبوونەوەکانی پێشووتریشمان لەبارەی پاکێجەکانی دادوەری بوون. ئێمە هیواکانمان لەبارەی ئەوانەوە بە هەموو شێوەیەک دەردەبڕین. لەلایەکی دیکەوە، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان، کۆبوونەوەکانمان لەبارەی دامەزراندنی ئەو لیژنەیەش بوو و پێشنیازەکانمان پێشکێش کردن. ئەویش بە شێوەیەکی ئەرێنی سەیری پێکهێنانی دەستبەجێی ئەو لیژنەیە دەکات. ئێمە لەسەر ئەوە رێککەوتین کە هەوڵێک هەبێت پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە، ئەمە بەپەلە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەست بە کارەکانی بکات.
رووداو: وەک دەزانرێت، دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە، بابەتی "زیندانییە سیاسییەکان" و لە سەرووی هەمووشیانەوە هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، لەنێو خاڵە گرنگەکانی رۆژەڤی پرۆسەکەدان. لە کۆبوونەوەکانتاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئاکپارتی ئەم بابەتانە باسیان لێوەکرا یان رێککەوتنێک کرا؟
سەزایی تەمەللی: بەڵێ، یەکێک لە بابەتە گرنگەکان زیندانییە نەخۆشەکانە، ئەوی دیکە دواخستنی ئازادکردنی زیندانییانە و ئەوی دیکەش دۆزە ساختەکانن (دۆزی پیلانگێڕی). چونکە دەزانن، بەهۆی دۆزە ساختەکەی کۆبانێوە هەم فیگەن یوکسەکداغ، هەم سەلاحەدین دەمیرتاش و زۆر لە هاوڕێکانمان لە زیندانن. ئێمە ئەم بابەتەمان بەردەوام هێناوەتە رۆژەڤەوە. ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ئەمەمان هێنایە رۆژەڤ، دادگە هۆکاری بڕیارەکەی خۆی لەبارەی سزاکانیان ئاشکرا کرد. بڕیارەکە لە 32 هەزار لاپەڕە پێکدێت. ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرا. بەڵام ئێمە خێرا سەیریمان کرد و بینیمان کە یەک بەڵگەشی تێدا نییە. تەنانەت من پێمگوت بڕیارێکی 'زۆر بەهۆکار'. ئیدی هیچ حوکمێکی ئەم دۆزە نەماوە. دۆزەکە پێشتر شکستی هێنابوو، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم ئەمە پشتڕاستکرایەوە. ئێمە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هاوڕێکانمانمان کرد، بەڵام ئێمە هەمیشە ئەمە دەڵێین. چونکە نایاساییەکی زۆر جیدی لە ئارادایە و هاوڕێکانمان بە مانای راستەقینەی وشەکە بارمتەن. بێگومان ئەم بابەتە لە رۆژەڤی ئێمەدایە، یەکێکە لە رۆژەڤە نەگۆڕەکانمان.
رووداو: وەک هەنگاوێکی پرۆسەکە، ئایا دەکرێت سەلاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لە داهاتوودا ئازاد بکرێن؟ لە کۆبوونەوەکانتاندا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت، هەڵوێستیان لەسەر ئەم بابەتە چۆن بوو، هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی یان نزیکبوونەوەیەکی ئەرێنیتان بینی؟
سەزایی تەمەللی: بێگومان ئەمە خواستی ئێمەیە کە ئەوان دەستبەجێ بە ئازادیی خۆیان بگەن و هەموو مافەکانیان دووبارە بەدەستبهێننەوە، بەڵام هیچ زانیاری یان لێدوانێک لەلایەن ئەوانەوە بە ئێمە رانەگەیێنراوە. ئەوان دەڵێن بابەتەکە لە دەستی دەسەڵاتی دادوەری دایە. لەبەرئەوە هیچ لێدوان یان زانیارییەک نییە.
رووداو: لە پەرلەمان دامەزراندنی لیژنەیەک لە رۆژەڤدایە. ئەم لیژنەیە ئێستا لە چ قۆناخێکدایە، ئێوە وەک پارت پێشنیازەکانتان پێشکەش کردووە؟ ئەرکی لیژنەکە چی دەبێت و پێشبینی دەکرێت کەی دابمەزرێت؟
سەزایی تەمەللی: ئێمە پێشنیازەکانمان پێشکەش کردووە. دوای ئەوەی پێشنیازی پارتەکانی دیکەش دەگاتە سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان لە چوارچێوەی پێشنیازە گشتییەکاندا مۆدێلێکی لیژنە بە بەرزترین رێککەوتنی گونجاو دەخاتەڕوو. بانگهێشتی پارتەکان دەکات. پارتەکان ئەندامەکانیان دیاری دەکەن، لیژنەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات و شێوازی کارکردن و ناوەڕۆکی کارکردنی دیاری دەکات. پێشنیازەکانی ئێمە بێگومان ئەوەن کە لیژنەکە دەستبەجێ دابمەزرێت و لە کاتی پشووی هاویندا کار بکات. ئێمە گوتوومانە دامەزراندنی یاسایی بۆ ئێمە گرنگە. ژمارەی [ئەندامانی لیژنەکە] دەوروبەری 35 کەسە ژمارەیەکی نموونەییە. گوتوومانە دەتوانێت کارەکانی بە شێوەیەکی بەرهەمدار و کاریگەر بێت. دەبێت لیژنە لاوەکییەکان بەتایبەتی لە بوارەکانی هەموارکردنەوە یاساییەکان، یاسای سزادانی تورکیا، یاسای جێبەجێکردنی سزا، مافەکانی مرۆڤ و بابەتەکانی جیاکاری بەپەلە پێکبهێندرێن و کار بکەن. ئێمە سەردێڕی وەک مسۆگەرکردنی یاسایی دوای چەکدانان، هەڵسەنگاندنی دۆخی یاسایی ئەو کەسانەی چەک دادەنێن، ئەوانەی لە زیندانەکاندان و بێگومان هەموو زیانلێکەوتووانی دیکە، بەوانەی لە تاراوگەشەن، پێشکەش بە ئەوان کردووە. ئێمە باوەڕمان وایە کە چارەسەری دیموکراتیی پرسی کورد هەم بەم لیژنەیە، هەمیش بە کارکردن لە بوارەکانی دیکەدا دەکرێت. چونکە باوەڕمان وایە، ئەم پرسە بە هەوڵێک جێبەجێ دەبێت کە تەواوی کۆمەڵگە تێیدا بەشدار بێت، ئێمە جەختمان لە گرنگیی پەیوەندیی لیژنەکە لەگەڵ کۆمەڵگە، وەرگرتنی بۆچوون، پێشنیاز و زانیاری لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کردووەتەوە. بێگومان یاساکان پیشانمان دەدەن کە ئەم کارانە چۆن دەبن، بەڵام بەتایبەتی گوتوومانە دەبێت گوێ لە کۆمەڵگە بگرێت و لە پەیوەندیدا بێت.
رووداو: لەسەر ناوی ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان دادەمەزرێت مشتومڕ هەیە. حکومەت ئەم پرۆسەیە بە "تورکیای بێ تێرۆر" ناو دەبات. ئەم ناوبردنە هەم لە رای گشتی و هەمیش لەنێو لایەنە جیاوازەکاندا رەخنەی لێدەگیرێت. دەم پارتی وەک پارت بۆ ئەم لیژنەیە چ ناوێکی پێشنیاز کردووە؟ یان لەگەڵ بەرپرسانی ئاکپارتی لەسەر ناوێکی هاوبەش رێککەوتوون؟
سەزای تەمەللی: ئێمە بێگومان دەمانەوێت ناوی 'لیژنەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی' بێت، بەڵام وا نییە کە پێداگیری بکەین هەر ئەمە بێت. باوەڕمان وایە، لەسەر ناوێک کە ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، ئاشتی و دیموکراسی، ئاشتی و کۆماری دیموکراتی بەبیر مرۆڤ بهێنێتەوە، جەخت لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکاتەوە و گرنگیی ئەم لیژنەیە نیشان بدات، رێککەوتنێک دەکرێت. ئێمە گوتوومانە بە تێگەیشتنی سیاسیی کۆن، بە تێگەیشتنی یاسایی کۆن، بە کۆدە سیاسییە کۆنەکان و بە چەمکی وەک 'تورکیای بێ تێرۆر' کارکردنی لیژنەیەک مەحاڵە. پێموانییە لەسەر ئەمە پێداگیری هەبێت. ئامانج ئەوەیە، هەنگاو لەپێناو ئاشتی و دیموکراسیدا لە تورکیا بنرێت. پێموانییە لەسەر ناوەکەی مشتومڕ یان ئاڵۆزییەکی گەورە دروست ببێت. ناوێکی گونجاو بە دڵنیاییەوە لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەدا یان لە بانگەوازەکەیدا دەردەکەوێت.
رووداو: بابەتێکی دیکە دەستووری بنەڕەتییە. ئایا پرۆسەکە و کارەکانی دەستووری نوێ پێکەوە بەستراونەتەوە و هاوتەریب بەڕێوەدەچن؟ دەستووری نوێ دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی چارەسەری؟ لە دەستووری نوێدا بۆ مافەکانی کورد چ هەنگاوێکی بەرجەستە دەبێت؟
سەزایی تەمەللی: هێشتا کارێک بۆ دەستوور دەستیپێنەکردووە. دەزانم پارتی دەسەڵاتدار لەنێو خۆیدا کارێک دەکات. ئەوان لیژنەیەکیان دامەزراندووە. لەنێو خۆیاندا مشتومڕێک دەکەن، بەڵام ئێستا لە پەرلەمان هیچ کارێکی لیژنەی دەستوور نییە. بەڵام هەمیشە دەگوترێت پێویستیی بە دەستوورێک هەیە. بەڵێ، پێویستی بە دەستوورێک هەیە. تەنانەت وەک خۆیان دەڵێن، پێویستی بە دەستوورێکی مەدەنی هەیە. پێویستیمان بە مەدەنیکردنی هەموو شتێک هەیە. پێویستە لەم هۆشیارییە میلیتاریستییە، لەم هۆشیارییە دەسەڵاتخوازییە رزگارمان بێت. بەڵام کاری ئەمە لە رێگەیەکی جیاوازدا بەڕێوەدەچێت. لیژنەی چارەسەری دیموکراتیی پرسی کورد و لیژنەی دەستوور کارێکی تێکەڵاو نابن، لە رێگەی جیاوازدا بەڕێوەدەچن. کاتێک بەڕێوەدەچن، بێگومان گەورەترین خواستی ئێمە ئەوەیە، بە شێوەیەکی ئەرێنی یەکتر بەهێز بکەن و پشتیوانی یەکتر بن. ئەگەر رۆژێک ئەو کارەی دەستوور دەستپێبکات، دەبێت سەرەتا لەسەر ستراتیژییەکەی قسە بکرێت. ئایا دەبێتە کارێک کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی، رێککەوتنی بەرفراوان و پەیمانێکی نوێ بکاتە ئامانجی خۆی؟ یان دیسان وەک پێشوو بە رێکاری بچووکی پینەکردن هەڵسوکەوت دەکات؟ ستراتیژیی ئەمە لە نووسینەوەی دەستوور زۆر گرنگترە. ئێوە دەزانن، دەستوور نانووسرێتەوە؛ دەستوور دروست دەکرێت. لە ئاسمانەوەش نایەتە خوارەوە. شتێکە کە بە بەشداریی هەموو کۆمەڵگە دروست دەکرێت. هیوادارم پرۆسەی دروستکردنی دەستوور بە تێگەیشتنێکی دیموکراتی دەستپێبکات. بەڵام بۆ ئەمە هێشتا زۆر زووە.
رووداو: وا دیارە پرۆسەکە لە کەشوهەوایەکی ئەرێنیدا بەرەوپێش دەچێت. ئایا ئەم کەشە ئەرێنییە کاریگەری لەسەر دیالۆگی ئێوەش لە پەرلەمان دەکات؟ بۆ نموونە، لە رۆژانی رابردوودا، پێموایە لەسەر دۆزی کۆبانێ، لەنێوان ئێوە و سەرۆکی لیژنەی دادی ئاکپارتیدا مشتومڕێکی تووند دروست بوو. دەتانەوێت دوای دەستپێکردنی پرۆسەکە لەبارەی دۆخی گشتیی دیالۆگ لە پەرلەماندا چی بڵێن؟
سەزایی تەمەللی: ئەو مشتومڕە لە چوارچێوەی تایبەتی خۆیدا بوو، چونکە سەرۆکی لیژنەی داد لە بواری داددا پسپۆڕە، یاساناسێکی دەستوورە، پرۆفیسۆرە، بەڵام بەداخەوە سەیری ئەو هۆکارەی بڕیاری دۆزی کۆبانێی نەکردبوو. بەبێ ئەوەی سەیری بکات قسەی کرد. لەبەرئەوە کەموکوڕییەکی جیدیی هەبوو، بۆیە ئێمە وەڵامی پێویستمان دایەوە. دەبێت بیدەینەوە بۆ ئەوەی رای گشتی ئاگادار بکەینەوە. ئەوە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام کاتێک بە شێوەیەکی گشتی سەیری دەکەین، دوای ئەوەی لە 1ی تشرینی یەکەمدا دەوڵەت باخچەلی لە کورسییەکانی مەهەپەوە هات و دەستی بۆ درێژکردین، دەتوانم بڵێم کەشوهەوای گشتیی پەرلەمان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر بەرەو زەوینەی دیالۆگ دەچێت، هەم لەگەڵ پارتی دەسەڵاتدار، هەم لەگەڵ هاوبەشی دەسەڵات، هەمیش لەگەڵ پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن. بێگومان جاروبار دیسان ئاڵۆزی دروست دەبێت. ئەوانە بە هەندێک پێویستیی سیاسەتی رۆژانەوە بەستراون. بەڵام ئەمە راستییەکە کە لە بابەتی چارەسەری دیموکراتیی پرسی کورد دا، ئەگەر هەڵوێستە تووندەکانی یەک دوو پارت وەلا بنێین، بەگشتی ئەو بیرۆکەیەی کە 'بەڵێ دەبێت ئەم پرسە ئیدی چارەسەر بکرێت، ئەم هەنگاوەی نراوە زۆر گرنگ و بەبایەخە، بۆیە لەو شوێنەی پەکەکە چەک دادەنێت، دەبێت سیاسەتیش ئیدی پێویستییەکەی جێبەجێ بکات' رۆژ لەدوای رۆژ باڵادەستتر دەبێت. بەڵام ئێمە لەنێو هەوڵی تێپەڕاندنی بەربەستەکانی نێو ئەم هەنگاوەداین. هیوادارم لیژنەکە ئەمە تێبپەڕێنێت.
رووداو: پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە. وەک دەم پارتی داواکارییە بنەڕەتییەکانتان لە بەڕێز ئەردۆغان چی دەبن و ئایا ئەنجامی ئەرێنیی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە دەبێت؟
سەزایی تەمەللی: هیوادارم، بەڵام شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەبارەی ئەم کارانە، پێش و پاشی و قۆناخەکانی ئاگادارکردنەوەی رای گشتی، لێدوان دەدات. لەبەرئەوە من ئەم بەشە بۆ ئەوان جێدەهێڵم. واتە، ئەوان لە 9ی مانگدا کۆبوونەوەیەک ساز دەکەن. هەم پێش و هەمیش دوای کۆبوونەوەکە، شاندی ئێمە هەروا لێدوان دەدات. ئەوان لەبارەی داواکارییەکان، ئەو شتانەی لەوێ باسیان لێوەکراوە و دوای ئەوەش لێدوانی گونجاو دەدەن. دوای ئەوەش چوونە ئیمراڵیی شاندی ئێمە روودەدات. هیوادارم هەموو کۆبوونەوەکان ئەرێنی بن. بەڵێ، تاوەکو ئێستا لە هیچ شوێنێکەوە لێدوانێکی نەرێنی نەهاتووە. هیوادارم هەرواش بەردەوام بێت.
رووداو: ئێوە رۆڵی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیی رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
سەزایی تەمەللی: بەڕێز ئۆجەلان لە لێدوانەکەیدا هەروا جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە یەکێتیی نەتەوەیی، یەکڕیزی لەنێوان کورددا، برایەتی و جووڵانەوەی هاوبەشیان چەندە گرنگە. منیش مرۆڤێکم کە هەمیشە باوەڕم بەمە هەیە. بۆیە هەموو گۆڕانکارییەکانی نێو ئەم جوگرافیا گەورەیەی چوار پارچە پێکەوە بەستراونەتەوە. لە هەر شوێنێک شتێکی باش هەبێت، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر هەموو پارچەکانی دیکە دەبێت. بۆیە ئەم پرۆسەی ئاشتییەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەرانسەری جوگرافیاکەدا دەبێت. ماندووبوونی هەموو لایەک بەرهەمی دەبێت. من باوەڕم وایە کە هەموو کەسێک بەهێزترین بەشداری پێشکەش بەم پرۆسەیە دەکات. هەم بەڕێز بارزانی و هەمیش سەرۆکەکانی دیکە. ئەمە خەباتی گشتیی ئێمەیە بۆ ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی. ئێمە بەم یەکڕیزییە و بەم تێگەیشتنە لەسەر رێگەی خۆمان بەردەوام دەبین. ئەمەش بێگومان گرنگییەکی گەورەی هەیە. چاودێرییەکانی ئێمە راستییەکەی لەم رووەوەن، گۆڕانکاریی گرنگ هەن. هیوادارم بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
رووداو: پرسیاری کۆتایی.. وەک دەزانرێت داواکارییەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە هەیە کە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆببێتەوە. ئایا لەم رووەوە هەنگاوێکی بەرجەستە نراوە و حکومەت چۆن لەم داواکارییە نزیک دەبێتەوە؟
سەزایی تەمەللی: هیوادارم ببێت، بەڵام هیچ زانیارییەک لەم رووەوە بە ئێمە نەگەیشتووە. واتە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سەر ئەم بابەتە هیچ زانیارییەک بە ئێمە نەگەیشتووە. لەنێو زانیارییەکانی ئێمەدا نییە، بەڵام هیوادارم ببێت. هیوادارم ئەم کۆبوونەوانە ببن. هیوادارم حکومەتی ئەمڕۆ و دەوڵەتیش ئیدی بە وشیارییەوە هەڵسوکەوت بکەن، کە ئەم پەیوەندییانە بۆ ئەو هەنگاوانەی لەبارەی راستیی کورد و داهاتووەوە دەنرێن، چەندە گرنگن. هیوادارم ئەم کۆبوونەوانەش بکرێن.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەین، کە کاتت بۆ تەرخانکردین.
سەزایی تەمەللی: سڵاوی من بۆ هەموو لایەک. خۆشەویستی و رێزم بۆ هەموو ئەو کەسانە دەنێرم، کە سەیری ئێمە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ