رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە وەڵامی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک بارزانی دا گوتی: "تاوەکو ئەجەل رێگەم بدا گورگە بۆر دەبم".
باخچەلی لەبارەی لێکدانەوەکانی تایبەت بە پاسەوانانی سەرۆک بارزانی لە جزیری شرنەخ و گوتەی چەند رۆژی رابردووی ژمارەیەک لە بەرپرسانی پەکەکە رایگەیاند، "ئەمانە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی چارەسەری نابێت."
سەرۆکی مەهەپە هەروەها لەبارەی ئەو رەخنەیەی لەلایەن نووسینگەی سەرۆک بارزانییەوە لەبارەی هەڵوێستی ئاشتییانە ئاراستەی کرابوو، گوتی: "بێگومان من گورگە بۆرم، تاوەکو ئەوکاتەی ئەجەل رێگەم پێدەدا گورگە بۆر دەبم و هەر بەوجۆرەش کۆچ دەکەم و دەڕۆم."
باخچەلی هەروەها رایگەیاند، "پەنا بەخوا باڵەکەی دیکەی کۆتری ئاشتی دروست دەبێت و هەمووان ئەو فڕینە دەبینن."
باخچەلی: گوتەکانی رێبەری دامەزرێنەر گونجاون
سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، "سەرەڕای گوتەی نابەجێ و نەگونجاو لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، هەنگاو بە هەنگاو لە ئەنجام نزیک دەبنەوە."
باخچەلی لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە پرۆسەکە گوتی: "کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، رۆژی 4ی کانوونی یەکەم، 19یەمین کۆبوونەوەی کرد. پەیامەکانی رێبەری دامەزرێنەری پەکەکە گونجاو، ئەرێنی، پەسند و دیاریکراوە."
گورگەبۆر چۆن بووە رۆژەڤ؟
سەرۆک مەسعود بارزانی رۆژی 29-11-2025، بەشداریی لە چوارەمین سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری لە شاری جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان کرد. ئەو سەردانەی سەرۆک بارزانی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
یەکێک لەو کەسانەی رەخنەی لە پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی گرت کە بە ئاڵای کوردستانەوە چوونەتە جزیری بۆتان، باخچەلی بوو. دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، "دەوڵەتەکەمان خاوەنی دەسەڵات و توانا و لێهاتوویی پێویستە بۆ پاراستنی هەموو میوانێک."
گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە وەڵامی ئەو رەخنانەدا رایگەیاند، "هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو رێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابوونەبەر بەپێی رێککەوتنێکی پرۆتۆکۆلی بووە لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێمی کوردستان، یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک رووینەداوە".
بارەگای بارزانی گوتی، "سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلیی هیدایەت داوە و وازی لە رەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".
سرری ساکک: تورکیا لە باشووری کوردستاندا دەیان بنکەی سەربازیی هەیە
رۆژی پێنجشەممە 4-12-2025 سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیر و کاردانەوەکانی کرد.
ساکک رووی دەمی کردە بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و رایگەیاند، کوردی هەموو جیهان بە سەرسامییەوە سەیری ئەوان دەکەن. گوتیشی: "لەبەر ئەوەی دوو پێشمەرگە ئاڵای فەرمیی کوردستانیان لە قۆڵیان بەستووە، کە ئەو ئاڵایە لەلایەن جیهان و تورکیاشەوە دان پێدا نراوە، هەمووتان بوونە یەک و قیامەتتان هەستاند. تورکیا لە باشووری کوردستاندا دەیان بنکەی سەربازیی هەیە. لەوێدا پشکنینی ناسنامە دەکات، لەوێ چاودێرییەکی تووندی هەیە".
سرری ساکک وێنەی باڵیۆزی تورکیای لە عێراقی بەرزکردەوە کە لەگەڵ پاسەوانانی تورکیایە و گوتی: "باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە باشووری کوردستاندا بە پاسەوانیی هێزەکانی ئەوێ نا، بەڵکو بە پاسەوانیی تیمێکی تایبەت کە لە تورکیاوە چووەتە ئەوێ کە چەکی لوولە درێژیان پێیە و بە پۆشاکی سەربازییەوە دەسووڕێنەوە. هیچیش رووینەدا. باشە ئایا خەڵکی ئەم وڵاتە سەروەریی هەیە و خەڵکی وڵاتانی دی نییانە؟ چیە ئەو رەفتارە بە کۆیلە سەیرکردنەی کە دەیکەن؟ ئێمە ئەمە رەتدەکەینەوە".
گورگەبۆر چییە؟
گورگە بۆرەکان رێکخراو و بزاڤێکی راستڕۆی تووندئاژۆی سەر بە مەهەپەن. ئەم رێکخراوە بە پارتێکی ناسیۆنالیزمی نەژادپەرست دەناسرێت.
لقی گەنجانی گورگە بۆر، پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ مەهەپە ھەیە و وەکو ھێزەکانی ئەوان دەناسرێن.
پێشتر گورگەبۆر و کورد زۆرترین ناکۆکییان لە نێواندا هەبوو، بەڵام لەوەتەی دەوڵەت باخچەلی دەستپێشخەریی ئاشتیی کردووە، بەستەڵەکی نێوانیان تا رادەیەک توواوەتەوە و دژایەتی یەکدی ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ