هاکان فیدان: دەبێت هەسەدە چەکدارە بیانییەکان دەربکات و بچێتە ژێر فەرمانی سوپای سووریاوە

06-12-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئامادە نییە ئەو رێککەوتنەی بۆ تێکەڵبوون بە سوپای سووریا کراوە، جێبەجێ بکات و داوا دەکات ئەندامە "ناسووریاییەکان"ی هەسەدە بەپەلە لەو هێزە دەربکرێن.
 
لە پانێڵێکی کۆڕبەندی دەوحە، نزیکەی ساڵێک دوای رووخانی بەشار ئەسەد، هاکان فیدان هێڵە سوورەکانی ئەنقەرەی سەبارەت بە هەسەدە خستەڕوو، کە تورکیا وەک درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەیبینێت. 
 
هاکان فیدان گومانی خستەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی مانگی ئادار لە نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی دیمەشق، کە ئامانج لێی یەکخستنی هێزە سەربازییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بوو.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "پێویستە تێبگەن کە فەرماندەیی و کۆنترۆڵ دەبێت لە یەک شوێنەوە بێت. ناکرێت دوو سوپا لە یەک وڵاتدا هەبن. بۆیە دەبێت تەنیا یەک سوپا و یەک پێکهاتەی فەرماندەیی هەبێت."
 
لەکاتێکدا فیدان ئاماژەی بەوە کرد، دەکرێت بۆ ئیدارەی خۆجێیی "لێکتێگەیشتنی جیاواز" هەبێت، بەڵام جەختی کردەوە کە پرۆسەی یەکخستنی هێزە چەکدارەکان پێویستی بە "بەشداریکردنی جیدی" هەیە نەک "هەنگاوی سیمبوولی".
 
فیدان بە روونی داوای دەرکردنی چەکدارە بیانییەکانی لە ریزەکانی هەسەدە کرد، وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ ئاسایشی تورکیا و گوتی: "وەک سەرەتایەک، دەمانەوێت ئەندامە ناسووریاییەکانی نێو هەسەدە، واتە ئەوانەی خەڵکی عێراق، ئێران و تورکیان، دەستبەجێ ئەو هێزە جێبهێڵن." هەروەها گوتیشی هەموو ئەو یەکانەی "دژی بەرژەوەندی و ئاسایشی تورکیا جێگیرکراون، دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە."
 
رۆڵی ئۆجەلان
 
سەبارەت بە پرسی نێوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان و ململانێی دەیان ساڵە لەگەڵ پەکەکە، فیدان کە پێشتر سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بووە، باسی لە رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە هەوڵە نوێیەکانی ئاشتیدا کرد.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئۆجەلان دەتوانێت ببێتە هێزێک بۆ رێککەوتن، فیدان بە گەشبینییەکی هەستیارەوە وەڵامی دایەوە و گوتی: "پێم وایە دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت."
 
فیدان باسی ئەزموونی راستەوخۆی خۆی کرد لەگەڵ سەرکردایەتیی پەکەکە لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2013 و ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانی پێشووی ئاشتی بەشێکی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی شەڕی نێوخۆی سووریاوە شکستيان هێنا. هۆشداریشیدا کە پێشتر ئۆجەلان "زۆر کاریگەر نەبووە" لە راگرتنی پەکەکە لە پاشگەزبوونەوە لە رێککەوتنەکان.
 
فیدان گوتی: "ئەگەر سەیری رابردوو بکەین، بەهۆی سووریاوە رابردوو دەکرێت دووبارە ببێتەوە. بۆیە سووریا زۆر هەستیارە."
 
مەترسی لەسەر ئاگربەستی غەززە
 
لە بابەتێکی دیکەدا، فیدان باسی لە دۆخی ناسکی غەززە کرد و هۆشداریدا کە "پێشێلکاریی رۆژانەی" ئیسرائیل دژی ئاگربەستەکە، "مەترسییەکی گەورە" لەسەر ئاشتی دروست دەکەن.
 
فیدان ئامادەیی تورکیای دووپاتکردەوە بۆ بەشداریکردن لە "هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی" (ISF) بۆ جیاکردنەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و فەلەستین لەسەر سنوور، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "ئێمە لاریمان نییە لە لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی وەک وڵاتێکی گەرەنتیکار"، جەختیشی کردەوە کە بوونی هێزێکی نێودەوڵەتی پێویستە بۆ "وەستاندنی جەنگ لە نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە نەتەنیاهوو بە ئاشکرا رایگەیاندووە نایەوێت هێزەکانی تورکیا لە غەززە ببینێت، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە وەک ئیندۆنیزیا و وڵاتانی عەرەبی خوازیاری بەشداربوونی ئەنقەرەن بۆ پێدانی رەوایەتی بەو هێزە.
 
فیدان داوای لە ئیدارەی ئەمریکا کرد "لە کاتی گونجاودا" دەستوەردان بکات بۆ پاراستنی گڕوتینی پلانی ئاشتی و هۆشداریدا کە بێ جێبەجێکردنێکی باوەڕپێکراو، ناوچەکە مەترسی گەڕانەوەی بۆ جەنگێکی تەواوەتی لەسەرە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گولجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی و گوتەبێژی ئینیسیاتیڤی یەکێتیی دیموکراتیک

دەم پارتی داوای لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی دەکات

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و داواکاریی خوێندن بە زمانی دایک بکات؛ دەشڵێت: "سیاسەتی 'یەک زمانی' یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پرسی کورد."