رووداو دیجیتاڵ
دادگەی سزا قورسەکانی بوڕسا رایگەیاند، دەستەی سەرۆکایەتیی دیسپلین سێ مانگ سزای دیسپلینی بەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا سەپاندووە. بەو هۆیەش تاوەکو کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی، ناتوانێت هیچ دیدارێکی تەلەفۆنی، یان رووبەڕوو، لەگەڵ ئەندامانی ماڵباتەکەی و پارێزەرانی بکات.
بە مەبەستی دیدارێك لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ماڵباتەکەی، پارێزەرانی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان داواکارییان پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد، بۆ کۆتاییهێنان بە بڕیاری گۆشەگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی.
لە وەڵامی داواکارییەکەی پارێزەرانی ئۆجەلاندا، دادگەی سزا قورسەکانی بوڕسا لە رێگەی نامەیەکەوە بە پارێزەرانی ئۆجەلانیان راگەیاندووە "لە 28-03-2024 سزایەکی نوێی دیسپلین، لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتیی دیسپلینەوە بەسەر ئۆجەلاندا سەپێندراوە. بڕیارەکەش لە 12-04-2024 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بەو وەڵامەی دادگە رایانگەیاند: "ئەم پێشهاتانە بەبێ ئاگاداری ئێمە بووە و لەو بارەوەش هیچ زانیارییەکمان لەلایەن دادگەوە پێنەدراوە. بۆیە لە 26ی مانگی چوار، داوای پێدانی بەڵگە و دۆسیەی ئەم بڕیارەمان کردووە و تانەشمان لە بڕیارەکەی دەستەی سەرۆکاییەتی دیسپلینەوە گرت، بەڵام بە بیانووی ئەوەی بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، تانەکەی ئێمەیان رەتکردەوە".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان 38 مانگە رێگەی پێنەدراوە هیچ دیدار و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و نامە گۆڕینەوەی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیی و پارێزەرانی هەبێت. دوایین جار لە 25-03-2021 لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ محەممەد ئۆجەلانی برای قسەی کردبوو.
هەریەکە لە هامیلی یڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاشیش، کە هاوزیندانی ئۆجەلانن، هەمان سزایان بەسەردا سەپێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ